پرۆژەی نیشتەجێبوونی پاڤیلۆن لە هەولێر کە لەلایەن کۆمپانیایەکی کوردستان بە هاوبەشی دوو کۆمپانیای تورکی دروست دەکرێت، لە ئێستادا کۆمپانیا تورکیەکان پارەی بەڵیندەر و کرێکارەکانیان بردوە کە نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلارە.
کۆمپانیای بای ڕامس ئەو کۆمپانیا تورکیەیە وەک جێبەجێکار لەگەڵ کۆمپانیای گوچلو بە هاوبەشی کۆمپانیای ئەمانۆس گروپ، پرۆژەی پاڤیلۆنیان لە هەولێر جێبەجێدەکرد، بەڵام لە ئێستدا گرفت لە کاری دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوونەکەدا دروست بوە، هەردوو کۆمپانیا تورکیەکە پرۆژەکەیان بەجێ هێشتوە و نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلاری جێبەجێکردنی پرۆژەکەیان بردوە، کە پارەی بەڵیندەر و فرۆشیار و کرێکارە، کە بەشێک لەو کرێکار و کەسانە چەند مانگێکە هیچ پارەیەکیان وەرنەگرتوە.
بە پێی زانیارییەکان ئەو کەسانەی پارەکەیان خوراوە سەردانی دەستەی وەبەرهێنان و لایەنی پەیوەندیداریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە، لەگەڵ ئۆفیسی بای ڕامس لە پرۆژەیەکی دیکەدا، بەڵام کەس وەڵامیان ناداتەوە و ڕێگاش بەو کرێکار و بەڵیندەرانە نادرێت لە هیچ دەروازەیەکی پڕۆژەکەوە بچنەوە ناو پرۆژەکەوە.
پرۆژەی پاڤیلۆن لەسەر ڕێگای ١٢٠ مەتری و نزیک ١٥٠ مەتری هەولێر دروست دەکرێت، کە لە سەرەتای پرۆژەکەوە ڕیکلامێکی جیاوازی بۆ دەکرا بەوەی یەکەم پرۆژەی نیشتەجێبوونە کە دەریاچەی تێدا دروست دەکرێت.
هەتا ئەم کاتە هیچ لایەنێکی حکومی لەسەر ئەم بابەتە لێدوانیان نەداوە.