ڕێبەری زیندایكراوی پەكەكە، ڕایگەیاند'' دەمەوێ رێگری بکەم و نەهێڵم یەک گەنجی دیکە بنێژرێت و نەهێڵم دایکێکی دیکە بۆ مەرگی جگەرگۆشەکەی شیوەن بکات.''
کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانیی کەسوکاری ئەوانەی نزیکەکانیان لەدەستداوە لە ئەنادۆڵ (ئانکا-دەر)، رۆژی یەکشەممە ٢١ی کانونی یەکەم چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئیستەنبووڵ سازکرد و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەیامێکی بۆ کۆنگرەکە نارد.
لە پەیامەکەیدا هاتووە'' وەفاداریی راستەقینە، زەمینەسازی نییە بۆ مردنی زیاتر، بەڵکو نیشاندانی ئازایەتییە لە دروستکردنی زەمینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ خەباتێکی ئاشتییانە.''
ئۆجەلان وتیشی'' ئەو میراتەی شەهیدان بۆیان جێهێشتووین، بەردەوامبوونی شەڕ نییە. بەڵکو نیشاندانی ویستی چارەسەری دیموکراسییانەیە. ''
پەیامەکەی ئۆجەلان:
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەختیکردووەتەوە، وەفادارییان بۆ یادی شەهیدان ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی لە کەشێکی ئاشتییانەدا بنیات بنێن و دەڵێ: "یادی هەموو ئەو شەهیدانەی خەبات دەکەمەوە کە لەپێناو ئازادی، شکۆ و ژیانی یەکسانی گەلان لەم خاکەدا گیانیان بەخشیوە. قوربانیدانی ئەوان وەک هۆشیاری، ئیرادە و پاشخانێکی مێژوویی لە کاروانی ئازادیی ئەم گەلەدا دەژی. ئەوان ویژدانی خەباتی ئێمەن و راستییەکی مێژوویین کە شوێنەواریان لە بیرەوەریی گەلەکەماندا ناسڕێتەوە".
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا پەنجە دەخاتە سەر ئەو کارەی ئێستا پێویستە بکرێت و دەڵێ'' دەبێ بە راشکاوی بگوترێت؛ لەم قۆناخەدا خەباتی ئازادی، هونەری رێکخستنی ژیانە نەک زیادکردنی مردن. یادی شەهیدانمان نەک بە لەدەستدانی نوێ، بەڵکو بە بونیاتنانی ئەو ژیانە دیموکراسی، یەکسان و شکۆمەندانەیە مانابەخش دەبێت کە ئەوان لەپێناویدا بەرگرییان کرد. هەر لەدەستدانێک بۆ من هاوکات، هۆکارێکی خەباتە و ئازارێکی قورسیشە کە لە دڵمدا هەڵی دەگرم. دەمەوێ رێگری بکەم و نەهێڵم یەک گەنجی دیکە بنێژرێت و نەهێڵم دایکێکی دیکە بۆ مەرگی جگەرگۆشەکەی شیوەن بکات".
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە راشیگەیاند، وەفاداریی راستەقینە، زەمینەسازی نییە بۆ مردنی زیاتر، بەڵکو نیشاندانی ئازایەتییە لە دروستکردنی زەمینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ خەباتێکی ئاشتییانە.
هەروەها دەڵێ: "ئەو میراتەی ئەوان بۆیان جێهێشتووین، بەردەوامبوونی شەڕ نییە. بەڵکو نیشاندانی ویستی چارەسەری دیموکراسییانەیە. ئەوان لەپێناو ئەوە خەباتیان کرد، چونکە باوەڕیان وابوو ئەو داهاتووە گونجاوە کە گەلان بە یەکەوە و بە ئازادی تێیدا دەژین."
لەبارەی ئەوەی کە ئەرکی لایەنەکان لە پرۆسەی چارەسەریدا چییە؟ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند" ئەرکی ئەمڕۆمان ئەوەیە ئەم پاشخانە مێژووییە بە ئاشتی بڕازێنینەوە و لەسەر بنەمای تەبایی دیموکراسی، دەرگەی قۆناخێکی نوێ بکەینەوە. رێزی راستەقینە، رێگریگرتنە لە زیانی نوێ. یادکردنەوەی راستەقینە، گەیاندنی خەباتە بە ئاستێکی پێشکەوتووتر، هۆشیارانەتر و ژیاندۆستانەتر".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە'' بەو هەست و بەرپرسیارییەوە، سەری رێز لەبەردەم یادی هەموو شەهیدانی خەبات دادەنەوێنم و بە رێز و خۆشەویستییەکی بێپایانەوە سڵاو لە کەسوکاریان دەکەم".
کۆنگرەی کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانیی کەسوکاری ئەوانەی نزیکەکانیان لەدەستداوە لە ئەنادۆڵ (ئانکا-دەر)، بە هەڵپەڕکێ و پیرۆزبایی کۆتاییهات.