دابەشکردنی زەوی بەردەوامە و ئەمڕۆش زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شاری دهۆک دابەش دەکرێت.
بە پێی لێدوانی دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک ڕایگەیاند کاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، قۆناغی چوارەمی دابەشکردنی پارچەزەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە سنووری دهۆک دەست پێدەکات.
لەم قۆناغەدا نزیکەی ١٤٠٠ پارچەزەوی ئامادە کراون و بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش دەکرێت کە ناویان لە لیستی شایستەبووانی ئەم قۆناغەدا هاتووە.
ئامانجیش لەم هەنگاوەی حکومەت دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و کەمکردنەوەی ئەرکی شانی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی سنوورەکەیە.
ئەم پڕۆسەیە بەشێکە لەو بەڵێنەی حکومەت بە فەرمانبەران و هاووڵاتیانی دابوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون، و چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغەکانی داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر لە فەرمانبەران سوودمەند بن.