هەولێر.. ئاگر لە کۆگەیەکی کەلوپەلی نێوماڵ کەوتەوە

درەنگانی شەوی رابردوو ئاگر لە کۆگەیەکی کەلوپەلی نێوماڵ لەسەر رێگەی گەزنە کەوتەوە و بە وتەی بەرگریی شارستانیی هەولێر ٩٥٪ی سووتاوە. 
 
رۆژی دووشەممە ٢٢ی کانونی یەکەم، موقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"ئاگر لە کۆگەکەی کەلوپەلی نێوماڵ لە سەر رێگەی گەزنە کە بە ناوچەی (نێو کۆگاکان) ناسراوە، کاتژمێر ٢٣:٣٠ کەوتەوە. ١٥ ئۆتۆمبێل و ١٢ تیممان چوون و تاوەکو نزیک کاتژمێر ٢ی بەرەبەیان خەریک بووین."
 
راشیگەیاند" ئاگرەکە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی هەبوو، چونکە کۆگەکە کەلوپەلی نێوماڵی تێدا بوو، بۆیە کوژاندنەوەی ئاگرەکە پێویستی بە سارکردنەوە بوو".
 
شاخەوان سەعید دەڵێت"کەلوپەلی نێو کۆگەکە دار بوو و نزیکەی ٩٥٪ی سووتا. چەندین کۆگەی دیکەی هاوشێوەی لە تەنیشت هەبوون، خۆشبەختانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و کۆگەکانی دیکەمان پاراستن."
 




AM:10:50:22/12/2025