دەزگای گشتی کاروباری مین: ئەم ساڵ ١٢ کەس بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە


بە پێی لێدوانێکی سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ بە هۆی تەقینی مینەوە ٢٨ کەس بوونەتە قوربانی.

دوو شەممە، ٢٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "بە هۆی مین و تەقەمەنییە جێماوەکانەوە لەم ساڵدا ١٢ کەس گیانیان لە دەستدا و ١٦ کەسی دیکەش برینداربوون، کە دووان لەو ژمارەیە لە ڕەگەزی مێن، وە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەی قوربانییەکان دوو هێندە زیادی کردوە".

ئامارەکان بە پێی پارێزگاکان بەم شێوەیەن :
سلێمانی: ٤ گیان لەدەستدان، ١٢ بریندار.
هەولێر: ٦ گیان لەدەستدان، ٤ بریندار.
دهۆک: یەک گیان لەدەستدان.
ئیدارەی گەرمیان: یەک گیان لەدەستدان. 

سەرۆکی دەزگاکە هۆکاری ڕێژەی بەرزی قوربانییەکانی گێڕایەوە بۆ "کەمتەرخەمی هاوڵاتییان و گوێ نەدان بە ڕێنماییەکان". 

بە پێی ئامارە فەرمیەکان لە ساڵی ٢٠٢٤دا ، چوار کەس گیانیان لە دەستداوە و حەوت کەسیش بریندار بوون، لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئێستا بە گشتی ١٣ هەزار و ٦٠٠ کەس بەهۆی پاشماوەکانی تەقەمەنی و مینەوە بوونەتە قوربانی.

 لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا چوار هەزار و٥٠٠ کیلۆمەتر لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق  لە مین پاک کراونەتەوە و تەنها لە هەرێمی کوردستان ٢٠٠ کیلۆمەتر خاکی مین ڕێژکراو ماوە کە پاک بکرێتەوە. 




PM:02:17:22/12/2025