لە گوندی گرتک لە قەزای پشدەر، مینێک بە ڕانەمەڕێکدا تەقیوەتەوە و بە هۆیەوە ٢٥ سەر لە مەڕ و بزنەکانی مرداربونەوە.
دوو شەممە، ٢٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لە گوندی گرتکی ناودەشت لە قەزای پشدەر ڕووداوەکە ڕویداوە، حەمە عەلی مینە، خاوەنی ڕانە مەڕەکە دەڵێت "ڕووداوەکە لە ناوچەیەک ڕوویداوە کە پێی دەڵێن بەنەبارێ، لەوێ مین بە مەڕەکانمدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ٢٥ سەر مەڕ و بزن بەر تەقینەوەکە کەوتوون و دەستبەجێ مردار بوونەتەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا شوانەکە سەلامەتە".
"ئەو شوێنەی مینەکەی لێ تەقیوەتەوە، لە سەردەمی حکوومەتی بەعسدا ڕەبایەی سەربازی بووە و تا ئێستا شوێنەوار و پاشماوەی شەش ڕەبایەی لێ ماوە و پاک نەکراونەتەوە"، خاوەنی ڕانە مەڕەکە وا دەڵێت.
لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا چوار هەزار و٥٠٠ کیلۆمەتر لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق لە مین پاک کراونەتەوە و تەنها لە هەرێمی کوردستان ٢٠٠ کیلۆمەتر خاکی مین ڕێژکراو ماوە کە پاک بکرێتەوە.