شاندی ئیمراڵی دەم پارتی و سەرۆکی جەهەپە: دەبێت دیموکراسی سەروەر بێت

‌کۆبونەوەی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی و جەهەپە

دوای کۆبونەوەی نێوان شاندی ئیمراڵی دەم پارتی و سەرۆکی جەهەپە، لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا هەردوولا جەختیان لەسەر سەرخستنی ئاشتی و دیموکراسی کردەوە.

دوو شەممە، ٢٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، دوای کۆبونەوەیەکی یەک کاتژمێری شاندی دەم پارتی ئیمراڵی و سەرۆکی جەهەپە، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا و سەرەتا ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ووتی " هیوادارین ڕشتنی فرمێسک لەم وڵاتە بوەستێت و برایەتی و ئاشتی باڵادەست بێت، ئاواتەخوازین لە داهاتووی تورکیادا لە ئاشتیدا، دەست لەناو دەست و شانبەشانی یەکتر بین، تورک و کورد و هەموو کەس دڵنیابن لە داهاتووی منداڵەکانیان، باشترین پەروەردە وەربگرن، پێکەوە بە خێرایی پێشبکەوین و داهاتوویەکمان هەبێت بە دادپەروەری دابەشی بکەین". 

" هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا، بۆ تورکەکان، بۆ کوردەکان، بۆ درووزییەکان، بۆ عەلەوییەکان و بۆ تورکمانەکان، هیوای دوو دەوڵەتی دەستووری، دیموکراتیک و ئاشتیانە دەخوازین" سەرۆکی جەهەپە وا دەڵێت. 

لە دواتردا پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی دەم پارتی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری وان ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ئێمە لە بارەگای گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـین، بەتایبەتی سوپاسی بەڕێز سەرۆک و شاندەکەی دەکەم، دەمەوێت جەخت بکەمەوە دیدارێکی زۆر گرنگ و بەرهەمدارمان ئەنجام دا، بە وردی گفتوگۆمان لەبارەی قۆناغەکانی پڕۆسەکەوە کرد. لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا، ئێمە گرنگییەکی زۆر بە ڕۆڵی بنیاتنەری پارتی گەلی کۆماری دەدەین".

پەروین بوڵدان دەڵێت "هۆکاری بوونمان لێرە ئەوەیە پرسی کورد پرسێکی سەروو سیاسەتە و چارەسەرکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەموومانە، ئاشتی، بێگومان، شایستەی تورکیایە. ساڵانێکی دوورودرێژ پڕۆسەیەکی پڕ لە پێکدادان بەڕێوەچوو، لەم جوگرافیایەدا خوێنێکی زۆر ڕژا، دایکان گریان، گەنجان چوونە ژێر خاک و لاشەی گەنجەکان نێژرا". 

لە کۆتایدا ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی ووتی "بۆ ئەوەی چیتر پڕۆسەیەکی لەم شێوەیە ڕوونەداتەوە، کاتی ئەوە هاتووە هەموومان دەست و جەستەمان بخەینە ژێر باری بەرپرسیارێتییەوە. دەمەوێت بڵێم هەوڵی هەموو ئەو کەسانەی لەم پرسەدا کاریان کردووە، بەنرخە. پێشکەشکردنی ئاشتی بە ٨٦ ملیۆن کەس ئەرکی هەموومانە".

میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی دەم پارتی ئیمراڵی ووتی " ئێمە ناچارین دژی ئەو ژینگە گرژی، پێکدادان و هاندانە ڕەگەزپەرستییەی دەیانەوێت بڵاوی بکەنەوە، بە یەکێتیی دیموکراسی و ئاشتی، خەباتی هاوبەش بکەین. باوەڕمان وایە ئەمە تا کۆتایی بەهێزبوونی ئاشتی و دیموکراسی مسۆگەر دەکات، دەمەوێت جارێکی تر جەخت لەسەر بەهای ئەم هەوڵە هاوبەشە لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری بکەمەوە".

بڕیارە سبەینێ سێ شەممە، ٢٣ کانوونی یەکەم، شاندی دەم پارتی ئیمراڵی دوو کۆبونەوە ئەنجام بدات یەکمیان لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا و دووەم کۆبونەوەشیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان دەبێت. 
شاندەکەی دەم پارتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەگەڵ پارتی ئایندە، پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە)، پارتی کرێکارانی تورکیا (تەپ) و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کۆبۆوە. 




PM:03:42:22/12/2025