هێزەکانی سوریای دیموکرات: ساتەوەختی یەکلایکردنەوە نزیکدەبێتەوە


هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بارەی هێرشی دوێنێی سەر هێزەکانی ئەلشەرع دژی هەردوو گەڕەکی کوردی لە شاری حەلەب رایگەیاند" جەخت دەکەینەوە کە ساتەوەختی یەکلاکردنەوە نزیک دەبێتەوە و هێزەکانمان لە بەرزترین ئاستی ئامادەیی جەنگدان".

درەنگانی شەوی رابردوو٢٢ ی کانوونی یەکەم فەرهاد شامی وتەبێژی هەسەدە راگەیاندنێکی لەبارەی ئامادەباشی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردیەکان لە حەلەب و سەرجەم ناوچەکانی دی راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" لە سایەی پێشهاتە خێراکانی مەیدانیدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات داوا لە هەمووان دەکات کە گرەو لەسەر فاکتەری کات نەکەن. جەخت دەکەینەوە کە ساتەوەختی یەکلاکردنەوە نزیک دەبێتەوە و هێزەکانمان لە بەرزترین ئاستی ئامادەیی جەگدان و تەواوی ئامادەکارییە مەیدانی و ئۆپەراسیۆنییەکان بە وردییەکی تەواو ئەنجام دراون".

لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووشە " هەسەدە بەپێی پلانگەلێکی ڕوون و نەخشەرێگایەکی دیاریکراو کاردەکەین و تەنها ئاماژەیەکی جێبەجێکردنمان لە ساتەوەختی دەستپێکردن جیامان دەکاتەوە".

"هێزەکانی سووریای دیموکرات بەڵێن نادات، بەڵکو ئەرکی مەیدانی خۆی جێبەجێ دەکات، ئەمەش بە پشتبەستن بە متمانەی گەلەکەی و پابەندبوونی بە بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانی". ( فەرهاد شامی وتەبێژی هەسەدە وا دەڵێت ).

ئاماژە بە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە سوریا دەکات و دەڵێت "ئەوەی چاوەڕێمان دەکات تەنها شەڕێک نییە، بەڵکو قۆناغێکی نوێیە لە واقیعێک کە بە ئیرادەی ڕۆڵەکانی لەسەر زەوی دەنەخشێنرێت".

دوێنێ هێزەکانی ئەلشەرع هێرشیان کردە سەرهێزەکانی سوریای دیموکرات و خەڵکی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی ئەشەرەفییەو شێخ مەقسود و لە ئەنجامدا بەپێی راگەیاندنی روانگەی سوری ٤ کەس کوژران و ٢٣ دیش برینداربوون، هەردوو لایەنی هەسەدەو حکومەتی کاتی سوریا یەکتری بە دەستپێکردنی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.




AM:08:57:23/12/2025