ئەمڕۆ لە سنوری ناحیەی بێتواتە لە ئیدارەی ڕاپەڕین، مینێکی چێندراو بە شوانێکدا تەقیەوە و برینداربوو.
سێ شەممە، ٢٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیدا شوانێك مینێکی پێدا دەتەقێتەوە و بە سەختی بریندار دەبێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە، ڕوداوەکە لە دامێنی چیای شیشار لە ناحیەی بێتواتە ڕویداوە.
وتەبێژی تەندروستی گشتیی ڕاپەڕین، تەها محەمەد، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "گەنجەکە تەمەنی ٢٥ ساڵە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە ئاسەواری ساچمەی مین لە جەستەیدا بوە، هەموو چارەسەرێکی پێویستی بۆ ئەنجامدراوە و باری تەندروستی تا ڕادەیەک جێگیرە".
ڕۆژی ٢١ ئەم مانگە لە گوندی پیرکەنەی مێرگەپان شوانێک بە هۆی تەقینی مینەوە گیانی لەدەستدا و لە قەزای پشدەریش مینێک بە کۆمەڵێک مەڕ و بزندا تەقیەوە و بە هۆیەوە ١٦ سەر بزن و مەڕ مردار بونەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا چوار هەزار و٥٠٠ کیلۆمەتر لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق لە مین پاک کراونەتەوە و تەنها لە هەرێمی کوردستان ٢٠٠ کیلۆمەتر خاکی مین ڕێژکراو ماوە کە پاک بکرێتەوە.