مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت " یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جارێکی تر تەئیكد لەسەر پێویستی پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار و پەرۆش بۆ بەرژوەندییەكانی گەلەکەمان دەكاتەوە".
سێ شەممە، ٢٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەرشتی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە بارەی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق کۆبۆوە و لە دوای کۆبونەوەکەش لە ڕاگەیاندراوێکدا هاتوە " كۆبوونەوەكە، پەیوەست بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم، سووربوونی یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانیی نیشاندا، لەسەر ئەوبنەمایەش، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە".
لە بارەی پیکهێنانی حکومەتی عێراقەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت "تەئکید کرایەوە لەوەی یەكێتی مەبەستییەتی لەبەغدادیش حكومەتێكی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی پێكبهێنرێت.کە تێیدا ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلەکەمان پارێزراوبێت و گوزارشت بکات لە خواستی هەموو پێکهاتەکانی وڵات".
لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجمدرا و تا ئێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهاتوە و پارتی و یەکێتی یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە پێکنەهێنانی کابینەی دە، هەروەها لەمانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٥ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و لایەنەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.