کەشناسێک: شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران ڕوو لە هەرێم دەکات

کەشناسێک بڵاویکردەوە'' سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و بارانبارین ڕوو لە هەرێم دەکات و کاریگەرییەکەی تا چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.'' 

ئاراس جەبار، ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٤ی کانونی یەکەم، ڕایگەیاند'' شەممەی داهاتوو رێکەوتی ٢٧ی کانونی یەکەم، شەپۆلێکی چری بەفر و بارانبارین لەدەریای ناوەراستەوە هەرێمی کوردستان ئەگرێتەوە بەتایبەت بۆ ناوچە شاخاویەکان چاوەروان دەکرێت بەفر و بارانێکی زۆر ببارێت.''

کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەرەتاوە رۆژی شەممە بەشێوەیەکی مامناوەند دەستپێدەکات پاشان لەرۆژی یەکشەممە کاریگەریەکانی چرتر ئەبێتەوە و لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی و ئیدارەی سۆران و راپەرین کاریگەری شەپۆلەکە چرتر ئەبێت و بەدرێژای کاتەکانی رۆژی یەکشەممە باران بەردەوام ئەبارێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەری بارینی ٦٠ تا زیاتر لە ١٥٠ ملیممەتر ئەبێت و لەناوچە شاخاویە بەرزەکانیش و سەنتەری ئەو شوێنانەی بەگشتی بەرزیان لە ١٢٠٠ مەتر لەئاستی ڕووی دەریا زیاترە بەفر ئەبارێت رێژەی بەفرەکەش لە نێوان ٢٠ بۆ ٤٠سم  و لەناوچە شاخاویە بەرز و سنوریەکانیش تا نزیکەی ١ مەتر ئەگەر هەیە.

وتیشی'' کاریگەری ئەم  شەپۆلە لە سەر ناوچەکانمان بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە لاواز ئەبێت و بەفر و باران لەزۆربەی ناوچەکان ئەوەستێت و کەش تا رادەیەک جێگیر ئەبێتەوە .''  

ئاراس جەبار پێشبینی ئەوەشی کردوە، دوابەدوای ئەو شەپۆلە لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەمەوە ٣٠ مانگ، دووەم شەپۆل لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە کە ئەمجارە بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری باکوری لەگەڵدا ئەبێت.

باسی لەوەشکردوە، بەراورد بە شەپۆلی یەکەم رێژەی دابارینی بەفر و باران کەمتر ئەبێت بەڵام شەپۆلێکی ساردترە و پێشبینی ئەکرێت بەفر دابەزێتە سەنتەری شاری سلێمانی و دهۆک شەپۆلەکە تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت. 




PM:03:25:24/12/2025