هاوڵاتیان لە چەمچەماڵ دژی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسەکە گردبونەوە

‌کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی لە چەمچەماڵ

دوای دەستگیرکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس وریا عەبدولخالق، هاوڵاتیانی چەمچەماڵ دەڵێن "ترسمان هەیە ئەوەی بەرامبەر کاک وریا کراوە بەرامبەر هاوڵاتییەکانی دیکە و دەنگی ئازادیی دیکەشمان ئەنجام بدرێت، وای ئەبینین ئەم کاره بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازی و ئازادە لەهەرێمی کوردستاندا، پەرچەکردارمان ئەبێت و ئەو لایەنانە لێی بەرپرسیار دەبن کە هەستاون بەم کارە".

چوار شەممە، ٢٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بەشێك لە هاوڵاتیان و چالاکوانانی چەمچەماڵ لەبەردەم بینای قایمقامیەتی قەزاکە گردبونەوە و لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند "لە کاتێکدا چەمچەماڵ بریندار و ماتەمدارە، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان وریا عەبدولخالق، وتەبێژی بۆردی چاودێری لە کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ، زیاتر لە دوو هەفتەیە شەو و ڕۆژی خستووەتە سەر یەک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی چەمچەماڵ".

هەروەها ووتیان "لەکاتێکدا پێویست بوو ڕێز لەچەمچەماڵ بگیرێت و ڕەچاوی دۆخەکەی بکرێت، ئەمڕۆ وریا عەبدولخالقی ڕۆژنامەنووس دەستگیر دەکەن لەسەر تۆمەتێکی بێ بنەما، ئێمه وەک خەڵکی چەمچەماڵ ناڕەزایەتی دەردەبڕین و ئیدانەی دەکەین".

بەشداربوانی گردبونەوەکە لەسەر ڕوداوەی لافاوەکە ئاماژە بەوە دەکەن "وەک هاوڵاتییانی چەمچەماڵ داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەت قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت دەکەین، هەندێک سەرمایەدار کە دەستیان هەیە لەم لافاوەی شارۆچکەی چەمچەماڵدا، هیچ پڕۆژەیەک لەم سنوورە پێیان نەدرێت و بخرێنە لیستی ڕەشەوە، ئێمه دوو هاوڵاتیمان لە کارەساتی لافاوەکە لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ خێزان زیانی ماددیان بەرکەوتووە، پێویستە زیانلێکەوتووان سکاڵا بکەن لەو کۆمپانیایەی دەستی هەیە لەم کارەساتە".

ئەمڕۆ، وریا عەبدولخالق، رۆژنامەنوس کە باسی لە هۆکار و سەرپێچیەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کرد، لایەن دادگای دەستپاكی سلێمانی داواكراوە كە چۆتە بەردەم دادگا بۆ ماوەی چوار كاتژمێر لەبنكەی پۆلیسی دادگای سلێمانی راگیراوە، دواتر بە كەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازادكرا، بەڵام مۆبایلەكانیان بۆ نەگەڕاندووەتەوە. 




PM:07:59:24/12/2025