فارس عیسا: پۆستی سەرۆک کۆمار مافی پارتییە


ماوەی دوو ڕۆژە شاندێکی پارتی لە بەغدادن و تا ئێستا ١٣ کۆبونەوەیان ئەنجامداوە و ئەندامێکی شاندەکەش زانیاری لەسەر ناوەڕۆکی کۆبونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان باس دەکات و دەشڵێت "پۆستی سەرۆکی کۆمار پشکی کوردە و لە ناو کوردیشدا مافی پارتییە".

فارس عیسا، ئەندامی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، چوار شەممە، ٢٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥،  لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ''دوو رۆژە زنجیرەیەک دیدارمان لەگەڵ سەرجەم برادەرانی شیعە، سوننە، بەڕێزان سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و هەروەها کەسایەتییەکانی دیاری گۆڕەپانی سیاسی کردووە".

لە بارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە، ئەو ئەندامەی شاندەکە پارتی ووتی "گرنگ نییە کێ بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری دەکرێ، بەڵکو بنەماکان گرنگن. ئەو کەسەی وەک بەربژێر دیاری دەکرێ، دەبێ نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی کوردستان بکات و باشترە لەسەری رێک بکەوین، پۆستەکە مافی کوردە و لە ناو کوردیشدا مافی پارتییە".

ماوەی دوو ڕۆژە شاندێکی پارتی بە سەرپەرشتی فازڵ میرانی لە بەغدادن بۆ گفتۆگۆکردن لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و تا ئێستا ١٣ کۆبونەوەیان لەگەڵ کەسایەتی و لایەن و پارتە سیاسیەکان ئەنجام داوە و سبەی کۆتایی بە سەردانەکەیان دەهێنن. 




PM:09:46:24/12/2025