دەزگای میدیای بوار: دەستگیرکردنی وریا عەبدولخالق بە پلانی پێشوەختە بووە

‌وریا عەبدولخالق- ئەرشیف

دەزگای میدیای بوار دوای دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسی میدیاکەیان دەڵێت "گومانمان لەو مامەڵەیە هەیە و پێمان وایە دەستێک دەیەوێت ئەو کەیسە بەلاڕێدا ببات".

دەزگای میدیای بوار لە ڕاگەیاندراوێکدا، چوار شەممە، ٢٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لە بارەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسی میدیاکەیان، ڕایگەیاند "وریا عەبدولخالق، دڵسۆزانە کارەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە، بەڵام ئەمڕۆ بە پلانێکی پێش وەختە بانگهێشتی دادگای سلێمانی کراوە، لە دادگاکە لە بری دەستخۆشی بۆ کارەکانی، هەوڵدراوە وتەکانی بکرێتە پاکانە بۆ وەبەرهێنەرێک و واژووی هەندێک بەڵگەنامەی پێ بکەن، بەڵام خۆشبەختانە واژووی لەسەر هیچ کام لەو نوسراوانە نەکردووە". 

دوای چوار کاتژمێر لە ڕاگرتنی وریا عەبدولخالق بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازادکرا و مۆبایلەکەی پێ نەدرایەوە لەو بارەیەوە دەزگای میدیای بوار وتویەتی "مۆبایلەکەی پێ نەدراوەتەوە، بە بیانوی ئەوەی ئەو فەرمانبەرەی بەرپرسە لە پاراستی ئەو کەل و پەلانە چووەتە دەرەوەی شار و کلیلی ئەو شوێنەش تەنیا لای ئەو فەرمانبەرەیە، ئێمە وەک دەزگای میدیایی بوار، گومانمان لەو مامەڵەیە هەیەو پێمان وایە دەستێک دەیەوێت ئەو کەیسە بەلاڕێدا ببات، بۆیە وریا عەبدلوخالق بەرپرسیار نییە لە هەر شتێک کە لە ڕێی ئەو مۆبایلەوە ئەنجام بدرێت".

وریا عەبدولخالق، رۆژنامەنوس، لە پاش لافاوەكەی چەمچەماڵ، راپۆرتێكی بڵاوكردوە، هۆكاری لافاوی بۆ پڕكردنەوەی رێڕەوەكانی ئاوی باران گەڕاندەوە لەلایەن کۆمپانیای بەڕێزەوە و هاوکات ئەندامی "گروپی ڕا" بە هۆی چالاکبوونی لە گواستەنەوەی زانیارییەکان و بە پێی زانیارییەکانی میدیای بوار"بە تەکلیفی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، وریا عەبدلخالق کرایە ئەندامی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و مرۆیی چەمچەماڵ و پاشان وەک وتەبێژی کۆمسیۆنەکە دەست بەکاربوو". 





PM:11:50:24/12/2025