ئیلهام ئەحمەد پەیامێک ئاراستەی کوردانی حەلەب دەکات


هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیلهام ئەحمەد، پەیامێکی دڵنەوایی ئاڕاستەی دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کرد و داوای لێکردن لە ماڵەکانیان بمێننەوە، هەروەها داوای لە حکومەتی ڕاگوزەر کرد ئەو پێشێلکارییانەی کە لەلایەن گرووپەکانییەوە ئەنجام دەدرێن ڕابگرێت.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هاوار نیوز، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەڵێت " ئیلهام ئەحمەد لە قسەکانیدا داوای لە دانیشتوان کرد کە گەڕەکەکانیان بەجێنەهێڵن و ڕایگەیاند"، هیچ نیازێک نییە بۆ هێرشکردن نە لەلایەن حکومەتی ڕاگوزەرەوە و نە هەڕەشەیەک هەیە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە".

لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەن بۆ پاراستنی دانیشتووان، بەڵام گرووپەکانی سەر بە حکومەتی ڕاگوزەر گەمارۆیان بەسەر هەردوو گەڕەکەکەدا سەپاندووە، هێزە ئەمنییە گشتییەکانی سەر بە حکومەتی ڕاگوزەر دەڵێن: وەزارەتی پاراستن هەردوو گەڕەکەکەی گەمارۆداوە، ئایا بۆچی هێزە سەربازییەکان گەڕەکە مەدەنییەکان گەمارۆ دەدەن و ئامانجیان چییە لەم کارەدا؟".

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، "دانووستاندن بۆ سەپاندنی ئاسایش لە ڕێگای پێکهێنانی خاڵەکانی ڕێکەوتنی ١ـی نیسانەوە دەربارەی حەلەب واژۆ کراوە، ئێمە پێداگرین کە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت".

یەکشەممەی رابردوو هێزەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع پەلاماری هەردوو گەڕەکی کوردنشینی ئەشەرفیەو شێخ مەقسودیان دا و شەڕێکی قورس بە هەموو جۆرە چەکێک هەڵگیرسا، بەڵام دواتر لە ژێر فشاری ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا شەڕ راگیرا، لەو پێکدادانەدا ٤ کەس کوژران و ٢٣ کەسی دی بریندار بوون کە زۆریان مەدەنی بوو.




PM:04:36:25/12/2025