مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە لە یەکەم لێدوانیدا دوایی پێکدادانی هێزەکانی ئاسایش و هێزەکانی ئەلشەرع لە گەرەکە کورد نشینەکانی شاری حەلەب، جارێکی تریش جەختی لەسەر لامەرکەزی بۆ سیستەمی سیاسی لە سوریا کردەوەو وتی " چارەسەر لە سووریا دا دەبێت لامەرکەزی بێت"
رۆژی پێنج شەممە ٢٥ ی کانوونی یەکەم ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، ئامادەی کۆبوونەوەی دەستەی راوێژکاریی لیژنەی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق لە شاری تەبقە بوو.
لە میانەی قسەکانیدا لەو کۆبوونەوەیەدا، مەزڵوم عەبدی وتی "گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان بەشێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتی دا بگونجێت."
" پێشکەوتن لە دروستکردنی دیدگەیەکی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق دا هەیە سەبارەت بە دەروازەکان، سنوورەکان و سامانە سرووشتییەکانی هەموو سوورییەکان".( مەزڵوم عەبدی وا دەڵێت).
لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لە گرنگیی بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی وەکو یەکێک لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمەکە کردەوە و وتی "ئەمە پێویستی بە گفتوگۆی قووڵتر هەیە بۆ گەیشتن بە دەستوورێک کە رەنگدانەوەی هەموو خواستەکان بێت."
هەروەها روونیکردەوە، هەندێک بابەتی دەستووری هەن، کە پێویستییان بە کاتە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە هەموو سووریا بگرێتەوە. مەزڵووم عەبدی وتی "پێمانوایە چارەسەر لە سووریا دا دەبێت لامەرکەزی بێت و دەمانەوێت دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، خۆیان ناوچەکانیان لە چوارچێوەیەکی دەستووری دا بەڕێوەببەن."
مەزڵووم عەبدی جەختی لە گرنگیی بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکانی وەکو یەکێک لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمەکە کردەوە و گوتی: "ئەمە پێویستی بە گفتوگۆی قووڵتر هەیە بۆ گەیشتن بە دەستوورێک کە رەنگدانەوەی هەموو خواستەکان بێت."
کۆتایی مانگی ١٢ی ئەمساڵ دوا وادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ ئازاری نێوان ئەلشەرع و مەزڵوم عەبدییە کە لە ٨ خاڵ پێکهاتووەو تا ئێستا هەنگاوی کرداری ئەوتۆی بۆ نەنراوە، تورکیاش وەک هاوپەیمانێکی ئەلشەرع فشاریان لێدەکات کە هەرچی زووە رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت و هێزێک نەمێنێت بەناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە کۆڵەکەکەی کوردە.