سەرۆکی بەشی پێشبینی لە دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینی دەکات لە سەرەتای هەفتەی داهاتوەوە شەپۆلێكی بەفر و باران هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
پێنج شەممە، ٢٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، مەحمود عەبدولەتیف، سەرۆکی بەشی پێشبینی کەشناسی لە دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق بە میدیایەکی کوردی ڕاگەیاند "پێشبینی دەکرێت ڕۆژی یەک شەممە بارانبارین لە دهۆک و زاخۆ چڕ ببێتەوە و شەوی یەک شەممە لەسەر دوو شەممەش بەفربارین لە سنووری دهۆک و زاخۆ دەستپێبکات و پێشبینی دەکرێ بڕێکی باشی بەفریش لە حاجی ئۆمەران ببارێت، لە هەندێک ناوچەی دیکەش پێشبینی بەفربارین دەکرێ، بەڵام پێشبینییەکان لاوازن".
لە بارەی بەردەوامی شەپۆلەکە سەرۆکی بەشی پێشبینی دەڵێت "شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێ، بڕێکی باش باران لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبارێ، بەڵام مەترسیی دروستبوونی لافاو نییە، هەروەها پلەی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێ".
هەر ئەمڕۆ لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی وتویەتی " لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکور کە بارستە هەوایەکی ساردی لەگەڵدا ئەبێت لە ئێوارەی رۆژی دووشەمەوە ٢٩ی کانوونی یەکەم شەپۆلێکی سەرما و بەفر بارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ئەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بەرێژەی ٨ تا ١٢ پلە بەجیاوازی ناوچەکان نزمدەبنەوە ، لەگەڵ بارینی بەفر لە سەنتەری شارەکاندا بەگوێرەی کاریگەری ئەو بارستە هەوایە لەسنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر لەبەرزی ٥٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە و لەسنوری ئیدارەی راپەرین لەبەرزی ٦٠٠ مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە و لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و باکوری گەرمیان لەبەرزی ٧٠٠ مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە بەفر ئەبارێت".