بزوتنەوەی گۆڕان باڵی زەرگەتە بە سەرۆکی هەرێم دەڵێت "ئەم کارە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆیە لە کاروباری ناوخۆیی گۆڕان و لایەنگرییە لە گروپێکی لادەر لەدەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان".
پێنج شەممە، ٢٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، دوای پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە بزوتنەوەی گۆڕان باڵی کوردسات بە بۆنەی سەری ساڵی نوێوە، بزوتنەوەی گۆڕان باڵی زەرگەتە لە ڕونکردنەوەیەکدا ناڕەزایەتی دەربڕیوە و ڕایگەیاند "پێویست بوو بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاگادار بێت، کە لە رێکەوتی ١٣نیسانی ٢٠٢٥ لەسەر بنەمای یاسا و بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و و فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان، ئەو کەسانە هیچ سیفەتێکی قانونی و رێکخراوەییان لە بزوتنەوەی گۆڕاندا نیە و نوێنەرایەتی گۆڕان ناکەن".
باڵەکەی زەرگەتە وتوشیەتی "پێویستە سەرۆکی هەرێم پێش هەر کەسێکی دیکە ڕێز لە قانون بگرێت و دەستێوەردان لە کاروباری گۆڕاندا نەکات و نەبێت بە فاکتەری ناکۆکی و پەرتەوازەیی زیاتر".
لە کۆتایی ڕونکردنەوەکەیاندا وتویانە " داوا دەکەین دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان نەبنە بەشێک لەکێشەکان و وەک دامەزراوەی حزبی بەکارنەهێنرێن بۆ دەستێوەردان لە کاروباری پارتە سیاسییەکان".
ئەمە لە کاتێکدایە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو باڵەکەی گۆڕان بەردەوامە و فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دوای ڕەتکردنەوەی کۆنفرانسی بزووتنەوەکە لە ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٥ بەسترا، شەش مانگ مۆڵەتی بۆ بزووتنەوەکە دیاریکرد، تاوەکو کۆنفرانس ببەستێت، بەڵام دوێنێ ٢٤ـی کانوونی یەکەم وادەکە کۆتاییهات و کۆنفرانسەکەش نەبەسترا.