بزوتنەوەی گۆڕان ئاراستەی کوردسات بە ئاراستەی گردەکەی زەرگەتە دەڵێت " وەک گروپێکی کەمینە و ئاژاوەگیڕ ناسێنراون و مافی یاسایی و سیاسییان بۆ قسەکردن بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە نییە".
پێنج شەممە، ٢٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئاراستەی گردی زەرگەتە ڕونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕەخنەیان لە سەرۆکی هەرێم گرت کە پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی لە بزوتنەوەی گۆڕان ئاراستەی کوردستان کردوە، ئەم شەو بزوتنەوەی گۆڕان ئاراستەی کوردسات ڕایگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ، ٢٥کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، گروپێکی کەمینە لە گردی زەرگەتە، جارێکی دیکە پەنایان بردەوە بەر بەکارهێنانی ناوی "جڤاتی نیشتمانی" بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، کە پەیوەندی بە ئیرادەی بزوتنەوەی گۆڕان و دامەزراوە شەرعییەکانییەوە نییە".
بزوتنەوەی گۆڕان ئاراستەی کوردسات بە سێ خاڵ ڕای گشتی ئاگادار دەکەنەوە لە بەرامبەر گۆڕانی گردی زەرگەتە:
١- ئەم گروپە بەپێی ئەنجامەکانی کۆنفرانسی نیشتمانی ساڵی ٢٠٢٤ کە لە گردی زەرگە، هەروەها هەردوو کۆنفرانسی ساڵی ٢٠٢٥، بە چاودێریی ڕاستەوخۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەچوون، وەک گروپێکی کەمینە و ئاژاوەگیڕ ناسێنراون و، مافی یاسایی و سیاسییان بۆ قسەکردن بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە نییە.
٢-لایەنە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، تەنها مامەڵەی سیاسی و کارگێڕی لەگەڵ سەرکردایەتی شەرعی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن، کە ئێستا مەکۆی سەرەکی لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانییە و بەڕێز دانا ئەحمەد مەجید، سەرکردایەتی دەکات.
٣- ئێمە لە کاتێکدا جەخت لە پاراستنی بەهاکانی گۆڕانخوازی دەکەینەوە، ڕایدەگەیەنین کە کۆنفرانسی داهاتوو دەبێتە "سەنگی مەحەک" بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە ناوخۆیەکان و ئێمە چاوەڕێین و تا گەڕاندنەوەی بزوتنەوەکە بۆ سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی لە خزمەتکردنی خەڵک، لە هەوڵەکانمان ناوەستین.
ئەمە لە کاتێکدایە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو باڵەکەی گۆڕان بەردەوامە و فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دوای ڕەتکردنەوەی کۆنفرانسی بزووتنەوەکە لە ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٥ بەسترا، شەش مانگ مۆڵەتی بۆ بزووتنەوەکە دیاریکرد، تاوەکو کۆنفرانس ببەستێت، بەڵام دوێنێ ٢٤ـی کانوونی یەکەم وادەکە کۆتاییهات و کۆنفرانسەکەش نەبەسترا.