گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا گەمارۆی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەبیان زیاتر کردوە و ڕێگای سەرەکیان گرتوە و ئاستەنگی هاتوچۆیان دروستکردوە.
ڕۆژی پێنج شەممە، ٢٤ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا پێنج ڕێگای سەرەکی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودیان داخستوە و تەنها دوو ڕێگا ماوەتەوە بۆ چوونە ناو ئەو دوو گەڕەکە، سەرچاوە ناوخۆییەکان لەو گەڕەکانە باس لەوە دەکەن کە " چەتەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا لە بازگەکانی دەوروبەری شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئاستەنگی بۆ خەڵک درووست دەکەن و پشکنینی ناسنامە و کەلوپەلی هاووڵاتییان دەکەن".
لە لایەکی دیکەوە ئێوارەی ڕابردوو، گرووپەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا بە درۆنێک هێرشیان کردە سەر گوندی دورەی شارەدێی دێر حافر لە کانتۆنی تەبقای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەهۆی هێرشەکەوە منداڵێک گیانی لە دەستدا.
ئەم هێرشانە بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان لە دوای سەردانی شاندێکی تورکیا لە ٢٢ کانوونی یەکەم دێت کە پێکهاتبوو لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا(میت)سەردانی دیمەشقیان کرد لەگەڵ هاوتاکانیان و سەرۆکی کاتی سوریا کۆبونەوە.
لە بارەی هێرشەکان فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ووتی'' گروپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی دیمەشق هێرشیان کردوەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بازنەی شیحان لە ناو شاری حەلەب.'
تا ئێستا هاوڵاتیەک بە هۆی هێرشەکەوە گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندارن.