کەشناسێکی ناسراو ئاماژە بەوە دەکات لە سبەیەوە بەفر بارین دەستپێدەکات و دوو رۆژ دەخایەنێت و لە هەندێک ناوچە ٥٠ تا ٦٠ سم مەتر بەفر دەبارێت.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی لە پۆستێکی نوێیدا کە رۆژی هەینی ٢٦ ی کانوونی یەکەم بڵاوکرایەوە هاتووە" لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و هاتنی بارستە هەوایەکی سارد لە باکورەوە سبەی شەمە ٢٧ ی کانوونی یەکەم ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەدێژایی کاتەکان هەور و سارد ئەبێت و پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٣ تا ٤ پلە نزمدەبنەوە".
؛لە درێژەی پۆستەکەیدا دەشڵێت " لەکاتەکانی بەیانیەوە شەپۆلێکی مامناوەند بۆ چری بارانبارین ناوچەکانی پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە و لە زۆربەی ناوچە شاخاویەکانیش لەسنوری پارێزگاکە لەبەرزی ١٠٠٠ مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە بەفرێکی چر دەستپێدەکات".
" لە کاتەکانی نیوەرۆوە بەکاتی جیاواز کاریگەری ئەو شەپۆلە بەلاوازی لەسەر ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و هەولێر و سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و سۆران و هەڵەبجە دەستپێدەکات و ئەگەری نمە بارانی پچر پچر و بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاویە بەرزەکان ئەبێت لەگەڵ چالاکبوونی بای باشور لە زۆربەی ناوچەکان بەتایبەت لەکاتەکانی دوای نیوەرۆ و چالاکتربوونی لەکاتەکانی شەودا بەخێرای ١٥ تا ٥٠کم لە کاتژمێرێکدا".( ئاراز جەبار وا دەڵێت ).
لە درێژەی قسەکانیدا ئەم کەشناسە لەبارەی درێژبوونەوەی شەپۆلەکە بۆ ناوچەکانی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات کە کاریگەری شەپۆلەکە لەدرەنگانی شەو بۆ رۆژی یەکشەمە لەسەر تەواوی ناوچەکانمان چرتر ئەبێتەوە و باران بەرێژەی مامناوەند بەشێوەیەکی بەردەوام ئەبارێت لەگەڵ بەردەوامی چالاکی بای باشور و بارینی بەفرێکی زۆر لە سەرجەم ناوچە شاخاوییە سنوریەکاندا".
ئاراز جەبار لە کۆتاییدا دەڵێت " کاریگەری شەپۆلەکە لە ئێوارەی یەکشەمەوە ٢٨ ی کانوونی یەکەم بەگوێرەی کات کۆتای پێدێت و کەش سەقامگیر ئەبێتەوە ، لەماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە زۆرترین رێژەی بەفر و بارانبارین لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێر و ئیدارەی سۆران و راپەرین ئەبێت چاوەروان دەکرێت ٦٠ تا زیاتر لە ١٠٠ملم باران ببارێت ، وە لەناوچە شاخاویە سنوریەکانیش پێشبینی بارینی بەفرێکی زۆر دەکرێت بەرێژەی ٥٠ تا ٧٠ سم ، لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و باکوری گەرمیان ئەگەری بارینی ٢٥ تا ٦٠ملم باران ئەبێت و لەناوچە شاخاویە سنوریەکانیش ئەگەری ٢٠ تا زیاتر لە ٤٠ سم بەفر ئەبێت ، لەسنوری پارێزگای کەرکوک و سەنتەری پارێزگای هەولێر و ناوچەکانی ناوەراست و باشوری گەرمیان کاریگەری شەپۆلەکە کەمتر ئەبێت و ئەگەری بارینی ١٥تا ٢٥ ملم باران ئەبێت لەگەڵ ئەگەری گۆڕانکاری بەسەر رێژەکاندا ".