حکومەتی سوریا: ئەوەی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەگوزەرێت، پەرە بەدابەشبوونی سوریا دەدات


وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە راگەیاندنێکدا دەڵێت" جەختکردنەوەی بەردەوام لەسەر یەکپارچەیی سووریا لەگەڵ ئەو واقیعەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە ناگونجێت، چونکە لەوێ دامەزراوەی کارگێڕی، ئەمنی و سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا هەن و بە جیا بەڕێوە دەبرێن، ئەمەش لەبری چارەسەرکردن، پەرە بە دابەشبوون دەدات".( مەبەستی رۆژئاوای کوردستان و لێدوانەکانی ئەم دوایەی فەرماندەکانی هەسەدەیە).

رۆژی هەینی ٢٦ ی کانوونی یەکەم وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە زاری بەرپرسێکی دەرەوەی وەزارەتەکە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت رایگەیاندووە" سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە قسەکردن لەسەر تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، تەنها لە چوارچێوەی لێدوانی تیۆریدا ماوەتەوە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی یان خشتەی کاتی ڕوونی بۆ دانەنراوە، ئەمەش گومان دەخاتە سەر جدییەت لە پابەندبوون بە ڕێککەوتنی دەی ئادار".

سەرچاوەبەرپرسەکە کە بە ئاژانسی فەرمی سوریای راگەیاندووە" سەرەڕای ئاماژە بەردەوامەکانی سەرکردایەتی "هەسەدە" بۆ بەردەوامیی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی سووریا، بەڵام ئەم وتووێژانە هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەیان لێ نەکەوتووەتەوە. وادیارە ئەم گوتارە تەنها بۆ مەبەستی ڕاگەیاندن و کەمکردنەوەی فشارە سیاسییەکان بەکاردێت، لەکاتێکدا لەسەر زەوی سستییەکی تەواو و نەبوونی ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ جێبەجێکردن دەبینرێت."

لە بارەی دۆسیەی سەربازییەوە لە راگەیاندنەکەدا هاتووە"  قسەکردن لەسەر لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ بەردەوامیی هەبوونی پێکهاتەی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی سوپای سووریا ناگونجێت، کە خاوەنی سەرکردایەتی سەربەخۆ و پەیوەندی دەرەکین، ئەمەش زیان بە سەروەری دەگەیەنێت و ڕێگرە لەبەردەم سەقامگیری. هەمان شت بۆ کۆنترۆڵکردنی تاکلایەنانەی دەروازە و سنوورەکان و بەکارهێنانیان وەک کارتی فشار لە دانوستانەکاندا دەقۆزرێتەوە، کە ئەمەش دژی پرەنسیپەکانی سەروەری نیشتمانییە".

" سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە لێدوانە بەردەوامەکانی سەرکردایەتی "هەسەدە" سەبارەت بەوەی نەوت موڵکی هەموو سوورییەکانە، متمانەی خۆی لەدەست دەدات مادام لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەڕێوە نابرێت و داهاتەکەی ناچێتە ناو بودجەی گشتییەوە. هەروەها وتی قسەکردن لەسەر هەبوونی لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەی ڕاوبۆچوونەکان بێ نرخە، مەگەر وەرگێڕدرێت بۆ ڕێککەوتنی فەرمی و ڕوون کە خشتەی کاتی بۆ جێبەجێکردنیان هەبێت." ( لێدوانی سەرچاوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە سانای بەمشێوەیە راگەیاندووە).

لە بارەی لامەرکەزیتیشەوە، حکومەتی سوریا دەڵێت " پێشنیازی ئێستا بۆ ناومەندێتی (لامەرکەزییەت) لە چوارچێوەی کارگێڕی تێپەڕیوە بەرەو ناومەندێتی سیاسی و ئەمنی کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی دەوڵەت دەکات و قەوارەی ئەمری واقیع دەسەپێنێت. لە هەمان کاتدا، قسەکردن لەسەر بەڕێوەبردنی ناوچەکە لەلایەن "خەڵکەکەیەوە" پشتگوێخستنی ئەو ڕاستییەیە کە پەراوێزخستنی سیاسی و قۆرخکاری لە بڕیاردان و نەبوونی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هەمەجۆریی کۆمەڵایەتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بوونی هەیە."

ئەو راگەیاندنە لە کاتێکدایە کە دوێنێ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژەی بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەتی سوریادا کردو بە ناراستەوخۆ جەختی لەسەر پێشکەوتنی گفتوگۆکان کردەوە، هەروەها میدیاکانی رۆژئاوای کوردستانیش ئاماژەیان بە گرێدانی کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان ئەلشەرع و مەزڵوم لە رۆژانی داهاتوودا دەکرد.




PM:02:04:26/12/2025