شیعەکان لە تەقینەوەکەی شاری حمسی سوریادا کراونەتە ئامانج

لە کاتی نوێژی نیوەڕۆدا لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شیعە لە شاری حمس سوریا تەقینەوەیەک روویداو لە ئەنجامدا ٨ کەس گیانیان لە دەستداو ١٨ ی تریش بریندارن.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە " رۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەم، تەقینەوەیەکی کوشندە مزگەوتێکی لە ناوچەیەکی زۆرینە عەلەوی لە شاری حمسی سووریا هەژاند؛ بەرپرسانی وڵاتەکە ڕایانگەیاند کە لانی کەم هەشت کەس لەو ڕووداوەدا کوژراون".

وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "تەقینەوەیەکی تیرۆریستی مزگەوتی عەلی کوڕی ئەبو تالیبی لە کاتی نوێژی هەینیدا لە شەقامی 'ئەلخەزری' لە گەڕەکی وادی ئەلدەهەب لە حومس کردە ئامانج."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا هەشت کەس کوژراون و ١٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.

رێکخراوی ئەنسار سونە بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی گرت ئەستۆ کە رێکخراوێکە لە لیستی جیهانی " تیرۆردایە"و سەر بە تەنزیمی قاعیدەیە.

لایەنی کوردی دوای تەقینەوەکەی ناو ئەو مزگەوتەی شیعەکان، ئەیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە لێدوانێکی کورتدا ئاماژەی بە گوتاری رقوکینە کرد دژی پێکهاتەکان و لە نێویشیاندا کەمایەتی عەلەوییەکان لە سوریا.







PM:04:43:26/12/2025