ژووری ئۆپراسیۆن بۆ بەڕێوبردنی قەیران و کارەسات، هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە لە شەپۆلێکی بەفربارین و بارانی بە لێزمە و دابەزینی پلەکانی گەرما.
هەینی، ٢٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ژوووری ئۆپراسیۆنەکان بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە وەزارەتی ناوخۆ، هۆشداریەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "لە سبەی شەممەوە تاوەکو ڕۆژی سێشەممە، شەپۆلێکی بەهێزی سەرما و باران ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێویستە هاووڵاتییان ئاگاداری خۆیان بن".
بەپێی پێشبینییەکان، شەپۆلێکی بەفربارین ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان دەکات، بەتایبەت لە ناوچەکانی حاجی ئۆمەران، کۆڕەک، پێنجوێن، کانی ماسی و ئامێدی، کە تێیاندا پلەکانی گەرما بۆ ژێر ١٠ پلەی سیلیزی دادەبەزن، ئەمەش یەکەم شەپۆلی بەهێزی سەرمای ئەمساڵ دەبێت.