ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیمەكرات جەخت لەوەدەکاتەوە کە " تورکیا هەوڵیدا رێگری لە رێککەوتنەکەی ١٠ی ئازار بکات و دەڵێت" ئەگەر توركیا دەیەوێت گفتوگۆكانی هەسەدەو دیمەشق سەركەوتووبێت پێویستە واز لە دەستوەردان بهێنێت".
ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیمەكرات(پەیەدە)، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پێگەی (Bianet) : رایگەیاند" ئەگەر ئەنكەرە دەیەوێت هەوڵە نوێكانی ئاشتی لە ناوخۆی سوریادا سەرکەوتوو بێت، پێویستە واز لە دەستوەردان بهێنێت"
وتیشی" تورکیا هەوڵدەدات دانوستانەکانی ئاشتی لە تورکیا بە سوریاوە ببەستێتەوە، لەكاتێكدا پێویستە ئەو دوو رێڕەوە بە جیا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت".
بە وتەی موسلیم دەرئەنجامەکانی دانوستانی تورکیا بەندە بە دۆخی ناوخۆیی تورکیاوە، کوردەکانی سوریاش پشتگیری لە هەوڵەکانی سەرخستنی ئاشتی دەکەن لە تورکیا.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە جەخت لەوەدەکاتەوە کە " تورکیا هەوڵیدا رێگری لە رێککەوتنەکەی ١٠ی ئازار بکات، چونکە بەشێک نەبووە لەو رێککەوتنە، کاتێک روون بووەوە کە هەردوولا هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێن، زمانی گۆڕی".
راشیگەیاند" پێکدادانی گەڕەکەکانی حەلەب دوای سەردانی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تورکیا لە سوریا سەریهەڵدا".
"شانە نوستووەکانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی هێشتا هەڕەشەن و کەسانێک کە هاوپەیمانن لەگەڵ ئەو گروپە، پەیوەندییان بە هێزە ئەمنییەکانی سوریاوە کردووە و پێویستە سوریا سیستەمێکی نا ناوەندی پیادە بكات و گفتوگۆکان سەرەتا دەبێت لەسەر داڕشتنی دەستورێکی گشتگیر بێت کە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بپارێزێت"( ساڵح موسلیم وای وت).