سبەێنێ ڕێکارەکانی ناردنی مووچە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەست پێدەکەن

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار تا ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە ڕەوانە نەکراوە و بڕیارە لە سبەینێوە دەست بە ڕێکارەکانی ناردنی پارە بکرێت.

میدیای پارتی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، "هێشتا مووچەی زۆربەی وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵ دابەش نەکراوە، بەهۆی ئەوەی بەغدا کێشەی کەمیی پارەی نەختینەی هەیە، ئەمەش کاریگەریی خستووەتە سەر دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم".

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە ٢٨ی کانوونی یەکەم، ڕێکارەکانی ناردنی مووچە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەست پێبکەن و ئەگەر ڕێکارەکان تەواو بن، هەر سبەینێ مووچەکە دەنێردرێت، ئەگەر نا دەکەوێتە ڕۆژی دووشەممە.

هاوکات، موزهیر محەممەد ساڵەح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراق-ی ڕاگەیاندووە" داهاتیی گشتیی ئێستای عێراق بەشی پێداویستییە سەرەکییەکانی حکوومەت، لە سەرووی هەموویانەوە مووچە و چاودێرییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات؛ کە مانگانە، دەکەنە نزیکەی هەشت تریلیۆن دیناری عێراقی''.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای ناردنی ١٢٠ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە وەک داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ١٠، تا ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە ڕەوانە نەکراوە و مووچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ش بە وتەی تەیف سامی" نابێت هەرێم چاوەڕوانی بکات" .




PM:12:53:27/12/2025