ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵیت "بەربژێرمان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئامادەیە و لەلایەن مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە ناوی ڕادەگەیەنرێت".
شەممە، ٢٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و کاندیدی سەرکەوتوی ئەو حزبە بۆ پەرلەمانی عێراق، بە میدیای نزیک لە حزبەکەی وتوە کە کاندیدیان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئامادەیە و لە بارەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیش کە بۆ شیعەکانە وتویەتی " تا ئێستا دوو کاندیدیان بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەیە، ناوی کاندیدەکانیش بریتین لە ئەحمەد ئەسەدی و موحسین مەندەلاوی".
بە پێی ڕێکارەکانی پەرلەمان، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە مەزهەبی سونەیە و جێگری یەکەم بۆ مەزهەبی شیعە و جێگری دووەمیش بۆ کوردە.
١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، لە ئێستادا لایەن و پارتە سیاسیە سەرکەوتوەکان بۆ پەرلەمان، کۆبونەوە ئەنجام دەدەن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن، لەسەر یەکلاکردنەوەی پۆستەکان، بە تایبەت پۆستی سەرۆک وەزیران.