ئەندامێکی ڕێکخراوی CPT ئەمریکی ئاشکرای دەکات کە سوپاسی پاسدارانی ئێران لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان "بە درێژایی نزیکەی ٦٠٠ کیلۆمەتر" پەرژینی دیواربەندی "هەستیار" دروست دەکات.
شەممە، ٢٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی CPT ئەمریکی بڵاویکردەوە "سوپای پاسدارانی ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی پەرژینی دیواربەندی هەستیار بە جۆرێک بەرزی دیوارەکە سێ مەترە و ئامێری هەستیاری ئەمنی ئاگادارکردنەوە بە درێژایی دێوارەکە جێگیریکراون. ئەم پەرژینە بە قوڵایی نزیکەی دوو کیلۆمەتر و بەدرێژایی نزیکەی ٦٠٠ کیلۆمەتر لە چیای کێلەشین لە سنوری قەزای سیدەکان تادەگات بە گوندی چەم چەقەڵ لە سنوری گەرمیان و لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بنیاتدەندرێت و بەشێک لە کەرەستەی بیناسازی ئەو دیوارەش لە هەڵکۆڵینی شاخەکانی هەرێمی کوردستان دابیندەکرێت".
کامەران عوسمان لە بارەی ئە جێگایانەی کارکردن تیایدا بەردەوامە و ئە شوێنانەی دیوارەکەی تێدا تەواو کراوە وتویەتی "بەشێکی دیوارەکە لەسەر سنوری سەیران بەن و لە پشتی گوندەکانی بەهێ و شیوەگوێزان تا دەگات بەگوندی مەران لەسەر سنوری پێنجوێن - ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بووە و بەشێکی تری دیوارەکە لە سنوری قەزای پشدەر تەواو بووە و ڕۆژانە کارکردن تیایدا بەردەوامە".
ئەو ئەندامەی ڕیکخراوی CPT ئاماژە بەوە دەکات ئێران ١٥١ بارەگای سەربازی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە و دروستکردنی ئەو دیوارەش بە مەترسی دەزانێت، چونکە "داگیرکردنی چیا و پێدەشتەکانی پشتی ئەو دیواربەندە، بەتەواوی دەبێتە دیفاکتۆ و ئەو ناوچانە دەچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران. دەبێتە هۆی شەپۆلێکی تری کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ ناو شارەکان و لاوازکردنی کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری".