هاوسەرۆکی بەڕێوبەری گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، دەڵێت، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، نایاساین و بە ئەمانجی تێکدانی ڕێکەوتنی نێوان ئیدارەی خۆسەر حکومەتی کاتی سوریا ئەنجام دەدرێن.
شەممە، ٢٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی بەڕێوبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، لە دوای هێرشەکانی دوێنێ شەوی گروپەکانی سەر بە حکومەتی سوریا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند "نزیکەی چوار مانگە جووڵەی بەردەوامی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتی هەیە، کە ئامانجیان دروستکردنی پشێوی، ترس و ناسەقامگیرییە، لە دوای هێرشەکانی شەشی تشرینی یەکەمەوە، ئەو چەتانە لە دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکە بە چەکی قورسەوە جێگیر بوون، ئەمەش بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە ئەوان نایانەوێت ئارامی و سەقامگیری لە سووریادا بەرقەرار بێت".
لە بارەی وەڵامدانەوەی هێزەکانی ئاسایشێ ناوخۆ، ئەو هاوسەرۆکە ووتی "ئەوان گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە وەک ئەڵقەیەکی لاواز دەبینن، بۆیە هێرشیان دەکەنە سەر و جەنگی تایبەتیان بەرانبەر پەیڕەو دەکەن، بەڵام وەڵامی گەل و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ئەو هێرشانە گونجاو بوو".
هێڤین سلێمان تورکیا بە تۆمەتباری سەرکی هێرشەکانی سەر هەردوو گەڕەکە کورد نشێنەکە دەزانێت "ئەم هێرشانە ناشەرعین و ئەم گروپانە فەرمان لە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا وەردەگرن، چونکە تورکیا نایەوێت ئارامی لە ناوچەکەدا هەبێت".
"ئەوەی پارێزگاری لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکات، تەنها هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و خەڵکی گەڕەکەکەن، لە ٢٢ـی کانوونی یەکەمدا ڕێککەوتنەکان پێشێل کران، بەردەوام بە فیشەک هاووڵاتیان دەکرێنە ئامانج و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بەردەوام بەسەر ئاسمانی گەڕەکەکەدا دەسووڕێنەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مەبەستی ئەوان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی و سەقامگیری ناوچەکە نییە"، هاوسەرۆکی بەڕێوبەری گەڕەکی شێخ مەقسود و یەشرەفیە وا دەڵێت.
سەبارەت بە بەردەوامی گەمارۆی سەر گەڕەکەکان، هێڤین سلێمان، وتویەتی "چواردە ساڵە تێکۆشانی دانیشتووان لەناو ئەم گەڕەکەدا بەردەوامە، خەڵکی گەڕەکەکە لە سەختترین بارودۆخدا بەرگرییان لە بوونی خۆیان کردووە، ئێستاش ڕێگری لە هاتنی پێداویستییەکان دەکرێت بۆ ناو گەڕەکەکە، داوا لە گەلەکەمان دەکەین بەردەوام بن لە تێکۆشان لە دژی سیاسەتی شەڕی تایبەت".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاژانسی هەوار نیوز بڵاویکردەوە "بە لایەنی کەمەوە سێ تۆپ لە دەوروبەری کۆڵانەکانی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود کەوتون، و چەکدارەکان ویستویانە لە کۆڵانی جەلای باشوری شێخ مەقسود خەڵک لە ماڵەکانیان دەربکەن و خاڵی سەربازی دروست بکەن".
بەر لە ئەنجامدانی ئەم هێرشە لە هەواڵێکی دیکەدا هەمان سەرچاوە بڵاوی کردوەتەوە، کە هێزێکی سەر بە حکومەتی سوریا چەکی قورس و تانک دەگوازنەوە بۆ نزیکی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە.
درەنگانی شەوی ڕابردوو، هێزەکانی ناوخۆی حەلەب ڕایانگەیاند "لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی هێزەکانمان، لە نزیک چوارڕیانی ئەل شیهان، به دوو مووشەکی RPG-7کرایە ئامانج، کە لەلایەن چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریاوە ئەنجام درابوو، ئەوەش بووە هۆی شکاندنی ئاگربەست، له دوای ئهو هێرشە، هێزهكانمان بە شێوەیەکی سنووردار بەرپەرچیان دانەوە و مافی ڕەوای خۆیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بەکارهێنا و وهڵامی هێرشهكهیان دایهوه".
بە پێی دواین زانیارییەکان ئێستا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دیمەشقە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا لە کۆبونەوەدایە.