شاعیر، نووسەر و فۆتۆگرافەر، بەشدار سامی کۆچی دوایی بەهۆی نەخۆشییەوە کرد.
بە وتەی حەمە مەنتک، نووسەر و هاوڕێی نزیکی ئەو شاعیرە، بەشدار لە نەخۆشخانەی ژینی تایبەت لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە.
بەشدار ماوەیەک بوو بە دەست نەخۆشیی شێرپەنجەوە دەیناڵاند.
بەشدار سامی لە ساڵی ١٩٨٤ لە شارۆچکەی مەخموور لەدایکبووە و لە هەولێر نیشتەجێ بوو. بە یەکێک لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردی دادەنرا.
چوار کتێبی شیعریی چاپ کردووە، "سبەی رۆژێکی دیکەیە، ئێوارە سەرابییەکان، رۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان و لە گوڵ دەترسم"، هەروەها فۆتۆگرافەریش بووە.
ساڵی ٢٠٠٧ لە گۆڤاری (نووهات)کە گۆڤارێکی مانگانەی گشتی بوو و لە هەولێر دەردەچوو، بەرپرس و ئامادەکار و فۆتۆگرافەری لاپەرەی فۆتۆ و توانج بوو.
ساڵی ٢٠٠٧ خەڵاتی ڤێستیڤاڵی نەورۆزی (یەکێتیی نووسەرانی کورد-لقی هەولێر)ی بۆ شیعری لاوان وەر گرتووە.
ساڵی ٢٠١٠ خەڵاتی لاوی ساڵی لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شیعر وەرگرتوە.
ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٤ خەڵاتی یەکەمی ڤێستیڤاڵی گەلاوێژی بۆ شیعر پێ بەخشراوه.