دوای مانەوەیان بۆ ماوەی دوو شەو لە ناوچە شاخاوییەکانی سیدەکان تواندرا ١٩ هاوڵاتی ڕزگار بکرێن و تەندروستیان جێگیرە.
دوو شەممە، ٢٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان بە میدیاکانی ڕاگەیاند "سەرەتا زانیارییەکان بەو جۆرە بوون کە ٢١ کەسن ئەوانەی لە بەفردا گیریان خواردوە، بەڵام کە ڕزگارکران بۆمان دەرکەوت ١٩ کەسن،و ١١ کەسیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و هەشتیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و خۆم قسەم لەگەڵ کردن تەندروستیی هەموویان جێگیرە و باشن".
ئەمە لە کاتێکدایە درەنگانی دوێنێ شەویش بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران، بڵاویکردەوە'' زیاتر لە پێنج تیم دەرچوون بۆ ڕزگارکردنی حەوت گەشتیار لە سنوری شارۆچکەی سیدەکان گیریان خواردبوو بەهۆی بەفر بارینێکی زۆر و ڕزگار کران".
کەمێک لەمەوبەر بەڕێوبەری گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم داوای لە هاوڵاتیان کرد هاوکاربن و نەچنە دەرەوە و ڕاشی گەیاند "کە ئەم شەپۆلە تا کاتژمێر ٩:٠٠ بەردەوام دەبێت و ڕۆژی پێنج شەمە پێشبینی شەپۆلێکی هاوشێوە دەکەن لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا".