ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دەنگدان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا بەڵام هێشتا پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان یەکلای نەکراوەتەوە کە لە پشکی کوردە.

 ڕۆژی دوو شەممە، ٢٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم بەڕیوەچوو و پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەم شێوەیەیە، هەیبەت حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا بە ٢٠٨ دەنگ.

هەروەها عەدنان فەیحان توانی ١٧٧ دەنگ بە دەست بهێنێت و  ببێتە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

بەڵام پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی کوردە یەکلای نەکرایەوە. 

بۆ ئەو پۆستە هەر یەک لە شاخوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پارتی و ڕێبوار کەریم پەرلەمانتاری ڕەوتی هەڵوێست کاندید بوون.
لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا ڕێبوار کەریم ١٥٣دەنگی هەبوو لە بەرامبەردا شاخەوان عەبدوڵا ١١٩ دەنگی هەبوو. 
 لە گەڕی دووەمی دەنگداندا ڕێبوار کەریم ١٥٦ دەنگی هەبوو، لە بەرامبەردا شاخەوان عەبدوڵا ١٠٩ دەنگی هەبوو. 

بۆ ئەوەی هەر یەک لەو دوو کاندیدە سەرکەوتووبن دەبێت ١٦٥ دەنگ یان زیاتریان هەبێت، هەر بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دەنگدان ئەنجام بدرێت. 



AM:09:07:30/12/2025