پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان(دەم پارتی)، پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلانی بۆ سەری ساڵی نوێ بڵاوکردەوە، کە تیایدا باس لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ڕێکەوتنی ١٠ ئادار لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.
سێ شەممە، ٣٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە زیندانی ئیمراڵیەوە پەیامێکی ناردوە و لە بارەی پرۆسەی ئاشتیەوە ڕایگەیاندوە "دیدگای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە بە تایبەت پێشمانخست، تەنها بژاردەیەک نییە، وەک مەجبوورییەتێکی مێژوویی لەبەردەمماندایە، ئەگەر بە دروستی لەم دیدگایە تێبگەین و هەڵبسەنگێندرێت، ئەوا دەتوانێت ڕێگری لە شەڕ و پێکدادان بکات. ئەم دیدگایە دژەژەهرێكە کە بنەمای ژیانێکی پێکەوەیی ئاشتییانە و ئازاد بونیاد دەنێت، بەرپرسیارێتی سەرەکی ئێمە لە داهاتوودا ڕێگریکردنە، لە ململانێیەکی نوێی پێشبینیکراو و دەرئەنجامە نەگەڕاوەکانی".
سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا ئۆجەلان دەڵێت "لە نێوان قەسەدە و بەڕێوەبەری دیمەشقدا ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار واژۆ کراوە، لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا ئەو داواکارییانەی کە دەهێندرێتە بەرباس، مۆدێلێكی سیاسیی دیموکراتیکە کە هەموو گەل یان نەتەوە پێکەوە خۆیان بەڕێوەببەن. ئەم نزیکایەتییە، دەتوانێت بە بەڕێوەبەریی ناوەندییدا دانوستان بکات و زەمینەیەکی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک لەخۆ بگرێت، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێ لە بەردەم پرۆسەکە دەکاتەوە و پێشی دەخات".
"زۆر گرنگە کە تورکیا لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی ئاسانکەر، بونیاتنەر بگێرێت و ڕێگە بۆ گفتگۆ بکاتەوە، ئەمە هەم بۆ ئاشتیی ناوچەیی و هەم بۆ بەهێزکردنی ئاشتی ناوخۆیی زۆر گرنگە"، عەبدوڵا ئۆجەلان وای وتوە.
لە کۆتایی پەیامەکەی ڕێبەری پەکەکەدا هاتوە "ئەو ئاشتییەی کە ئێمە پێداگریی لێدەکەین ئەنجام نییە، بەڵکو دەبێت ببێتە دەستپێکێکی نوێ. تێکۆشانی ماف، حقوق و دیموکراتیکبوون کە لەناو ئاشتییدا بەڕێوەدەبرێت، کینە، دژبەری و توڕەیی ناهێڵێت و دەرگای ژیانێکی نوێ بۆ هەر کەسێک دەکاتەوە".
٢٧ شوباتی ٢٠٢٥، عەبدوڵا ئۆجەلان بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد و داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان کرد کۆنگرە بکەن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە، لە ١ی ئاداردا پەکەکە ئاگر بەستی ڕاگەیاند، لە ١٢ ئایاردا پەکەکە ڕایگەیاند کۆنگرەی ١٢ـیان ئەنجام داوە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە، لە ١١ تەمووزی ٢٠٢٥ لە ئەشکەوتی جاسەنە ڕێوڕەسمی چەک سوتاندنیان بە شێوەی سمبولی ئەنجامدا، لە پەرلەمانی تورکیادا کۆمسیۆنێک لە پەرلەمانتاران دروستکراوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە و ڕەخساندنی زەمینەی یاسایی کە ئێستا لە قۆناغی دووەمی کارەکانیدایە.