دوای ئەوەی دوێنێ بە هۆی بەفربارینەوە هاتوچۆی گەشتیاری و جوڵەی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران وەستا، ئەمڕۆ دەروازەکە هاتوچۆکردن تیایدا ئاسایی بۆوە.
هێمن مستەفا، بەڕێوبەری گومرگ و سەرپەرشتیاری بە وەکالەتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، سێ شەممە، ٣٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ بە میدیاکانی ڕاگەیاند "بەهۆی زۆری بەفربارین و دروستبوونی بەستەڵەک لەدیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ئاڵوگۆڕیی بازرگانی بەتەواوی وەستا و لایەنی گەشتیاریش ئاستەنگی بۆ دروست بوو، بەڵام ئەمڕۆ ڕێگاکانی دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەفر ڕاماڵدران و جووڵەی بازرگانی و گەشتیاریی بەشێوەیەکی ئاسایی لە دەروازەی نێودەڵەتی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین دەستیپێکردەوە".
بە هۆی شەپۆلی بەفربارینەوە ڕۆژی ڕابردوو ئاستەنگی بۆ هاتوچۆکردن لە نێوان شار و بەشەکانی کوردستاندا دروست بوو.