عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری
زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێک بڵاودەکاتەوە و ئاماژە بە رێکەوتنی ١٠ی ئاداری نێوان
هەسەدە و دیمەشق داوە و پییوایە ئەوە مۆدێلێکی سیاسی دیموکراسییە کە تێیدا هەموو گەل
و نەتەوەکان دەتوانن پێکەوە خۆیان بەڕێوەببەن.
بە بۆنەی ساڵی نوێوە،
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ سێشەممە (٣٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥)
پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانی لە ئیمراڵییەوە
بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە: ئێمە دەچینە ناو ساڵی نوێ، پێویستە جارێکی دیکە لەبیرمان
بێت کە بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو هێرشە ئیمپریالیستی و ڕەگەزپەرستییەکان پێکەوە پێشڕەوییان
کردووە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستۆتە ناو شەڕ و ململانێی توندەوە. ئەم شەڕە ڕێگەی
بۆ وێرانکاری و داڕمانی کۆمەڵایەتی خۆشکردووە. ئەو تائیفەگەری و ناسیۆنالیزمە ئیتنیکییەی
ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا پراکتیزە دەکرێت، ڕەگ و ڕیشەی خۆی لەم مێژووە پڕ لە ئازارەدا هەیە.
بەداخەوە ستراتیژی "دابەشکردن، داگیرکردن و حوکمڕانی"ـی سیستەمی هەژموونگەرایی
بە فۆڕمی جیاواز بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بەو پڕۆسە نوێیەی
لە تورکیا دەستی پێکردووە، عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت: ڕوانگەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک
کە پەرەمان پێداوە، تەنیا بژاردە نییە، بەڵکو وەک ئەرکێکی مێژوویی لەبەردەمماندایە.
ئەگەر ئەم دیدگایە بە دروستی تێبگەین و هەڵسەنگێندرێت، ئەوا دەتوانێت بەر بە شەڕ و
ململانێ بگرێت. ئەم ڕوانگەیە بنەمای ژیانێکی ئارام و ئازاد پێکەوە دروست دەکات. بەرپرسیارێتی
سەرەکیمان لە داهاتوودا؛ ڕێگریکردنە لە ململانێ نوێیەکان.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا،
ئۆجەلان دەڵێت: قەیران و ململانێ سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژ لە دوای ڕۆژ
قووڵتر دەبنەوە. پرسی کورد لە ناوەندی ئەم قەیرانانەدایە. چارەسەری کێشەکە تەنیا بە
ئاشتی کۆمەڵایەتی و کۆدەنگی دیموکراسی بەدەست دەهێنرێت. پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکە
نەک لە ڕێگەی ململانێ و شەڕ و میتۆدی سەربازی و ئاساییشەوە بێت، بەڵکو لەسەر بنەمایەکی
دیموکراسی کە ئیرادەی گەل وەک بنەمای خۆی وەربگرێت و بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا
بکات.
ئۆجەلان، جارێکی دیکە
جەختی لەسەر ئازادی ژن کردووەتەوە و دەڵێت: نابێت لەبیرمان بچێت؛ تا ژن ئازاد نەبێت
کۆمەڵگا ئازاد نابێت، تا کێشەی عەقڵیەتی پیاوسالاری چارەسەر نەکرێت، کولتووری شەڕ
کۆتایی نایەت و ئاشتی هەمیشەیی نایەتەدی. بۆیە ئازادی ژن وەک بنیاتنەری کۆمەڵگایەکی
دیموکراسی و ڕێبازێکی گرنگ دەبینم.
سەبارەت بە دۆخی سوریا
و رۆژئاوای کوردستانیش، ئۆجەلان ئاماژەی بەوەکردووە، وێنەیەکی نوێی ئاژاوەگێڕی لە
سوریا دەبینرێت، زۆر بە ڕوونی چاوەڕوانی چارەسەرێکی دیموکراسییە. ئەو شێوازی حوکمەی
کە ساڵانێکە لەسەر بنەمای تاکڕەوی و چەوساندنەوە و نکۆڵیکردن لە ناسنامەکان دامەزراوە،
ناتوانێت بەردەوام بێت، ئەمەش وایکردووە داواکاری یەکسانی و ئازادی بۆ کورد و عەرەب
و عەلەوی و هەموو گەلان بەهێزتر بێت.
ئۆجەلان ئاماژە بە ڕێککەوتنی
١٠ـی ئاداری نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی کاتی دیمەشق دەکات و دەڵێت:
ئەو داواکاریانەی لەم ڕێککەوتنەدا هاتوون، مۆدێلێکی سیاسی دیموکراسییە کە تێیدا هەموو
گەلان یان نەتەوەکان دەتوانن پێکەوە خۆیان بەڕێوەببەن. جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی
ئادار ڕێگا بۆ پرۆسەکە خۆش دەکات بەرەوپێشی دەبات.
ئۆجەلان دەڵێت: زۆر
گرنگە تورکیا لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی ئاسانکاریی و بنیاتنەر و دیالۆگ بگێڕێت. ئەوەش زۆر
گرنگە هەم بۆ ئاشتی ناوچەیی و هەم بۆ بەهێزکردنی ئاشتی ناوخۆیی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا
بە بۆنەی ساڵی نوێوە، عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت: با ساڵی
نوێ ساڵی شەڕ و وێرانکاری و هەڵاواردن نەبێت، هیوادارم ساڵی ئیرادە بێت بۆ بنیاتنانی
کۆدەنگی دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوە ئیرادەیەکی هاوبەش بۆ بنیاتنانی ئایندەی گەلان
دروست بکەین. ئاواتی من ئەوەیە ساڵی نوێ زەمینە بۆ ئاشتی و ئازادی و ئایندەیەکی دیموکراسی
لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان خۆش بکات. هیوادارم ساڵی نوێ ببێتە مایەی
ئارامی و ژیانێکی خۆش بۆ گەلەکەمان.