ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەڵوێستی پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار روونە؛ پشكی كوردە نەك لایەنێكی دیاریكراو.
ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەوەی لە رۆژانی رابردوو لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا روویدا، جۆرێک بووە لە دەرچوون لەو عورفە سیاسییەی، کە وڵاتەکەی لەسەر بنیاتنراوە، بۆیە پارتی دەیەوێت لاپەڕەیەکی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بکاتەوە، کە تیایدا پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو بابەتەکانەوە بێت.
دەشڵێت: هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار روونە و ئەم پۆستە وەک پشکی پێکهاتەی کورد دەبینن نەک لایەنێکی دیاریکراو.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ ئەم مەبەستە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سێ بژاردەی وەک رێگەچارە خستووەتەڕوو:
یەکەمیان: گەیشتن بە رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکان.
دووەمیان: یەکلاییکردنەوەی پرسەکە لە نێو فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق.
سێیەم: گەڕانەوەیە بۆ پەرلەمانی کوردستان تاوەکو بڕیار لەسەر کاندیدی کورد بۆ ئەو پۆستە بدات.