بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە


سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرانی دەکات و دەڵێت:هەنگاوێک بێت لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهاتنی برایەتیی و تەبایی.

ئێوارەی ڕۆژی ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ مەسعود بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پیرۆزبایی لە سەرۆكی تازەی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرانی کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنیان وەک دەستەی تازەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

دەقی پەیامەکە:
پیرۆزبایی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەڕێزان هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و عەدنان فەیحان جێگری یەکەم و فەرهاد ئەتروشی جێگری دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

هیوادارم هەڵبژاردنی دەستەی تازەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران هەنگاوێک بێت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهاتنی برایەتیی و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق.

پاش ئەوەی دوێنێ لە دوو گەڕدا پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلانەکرایەوە، ئەمرۆ لە گەڕی سێیەمی دەنگداندا، فەرهاد ئەتروشی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێردرا. 
 
لە گەڕی یەکەم و دووەم، کێبڕکێکە لەنێوان شاخەوان عەبدوڵڵا و رێبوار کەریم بوو، هیچکامیان زۆرینەیان بەدەست نەهێنا. پارتی بڕیاری دا شاخەوان عەبدوڵڵا بکشێتەوە و فەرهاد ئەترووشی چووە کێبڕکێکەوە.




PM:10:43:30/12/2025