لە روونکردنەوەیەکدا هەریەک لە نووسەری ناسراوی کەرکوک، مەلا فرمان محەمەد، لەتیف فاتح فەرەج، ئەحمەد عەزیز لەسەر دیداری گوڵەخانە رایانگەیاند" پارتی و یەکێتی، لە جیاتی ئەوەی پێکەوە کار بکەن چون لەگەڵ نەیارەکانی کورد بەرەیان دروست کرد".
دەشڵێن" بە کۆڕی گوڵەخانە و خاوەنە بەڕیزەکەی دەڵێین، دیوەخان ئاوەدان، بەڵام هەق نیە دەرگا بۆ ئەوانە بکاتەوە کە بە ناڕەوا و لە وێوە بوختان و تۆمەت هەڵدەبەستن بۆ کەسانی خاوەن هەڵوێست و دژی گەندەڵی و دەسەڵاتە ( خاک و سەرە) خۆرەکەی هەرێمی کوردستان هەڵوێستیان وەرگرتوە."
دەقی روونکردنەوە:
دیداری گوڵەخانە
لەم رۆژانەدا لە گوڵەخانە کۆگردێکی سیاسی رێکخراوە، چەند سیاسەیەکی ئەم زەمانە قسەیان تێداکردوە. یەکێ لە قسەکەرەکان کادرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوە. ئەم کادرە روبەڕوی ئەم پرسیارەی شاعیر و رۆژنامەنوس لەتیف فاتح فەرەج بۆتەوە:
" پارتی و یەکێتی باسی یەکڕیزی و تەبایی دەکەن کەچی لە کەرکوک لە ئەنجومەنی پارێزگا پێکەوە کارناکەن، تا ئەو رادەیەی هاوپەیمانی لەگەڵ عەرەبەکان دەکەن". کەچی لە جیاتی ئەوەی وەڵامێکی کرداریانەی بداتەوە وەک ئەوەی لە کەرکوک هەیە. وەک مەلە نەزانێک خۆی لە گۆمێکی مەندی زۆر قوڵ دەدات، دەڵێت " لە ٢٠١٤ ئێوە " لەتیف فاتح، ئەحمەد عەزیز و مەلا فرمان" لە بزوتنەوەی گۆڕان هاتنە بارەگای پارتی لە کەرکوک و داواتان لێمان کرد دژ بەیەکێتی نیشتمانی کوردستان لێک نزیکببینەوە". پاشان کاک لەتیف پێی دەڵێ ، من قەت لەگەڵ تۆ باسی وامان نەکردوە، ئەو کادرەش دەڵێ دیارە من باش بیرم نیە هەر کاک احمد عەزیز و مەلا فرمان بونە.
بە بیستنەوەی ئەم هەواڵە توشی سەرسوڕمان بوین، چونکە قسەیەکە لە نەبون و نە گوتنەوە دروستکراوە. ئێمە هەرسێکمان قسەمان لەسەر بابەتەکە کرد. ئەمەش وەڵامەکەمانە
" ئێمەش، دڵنیاین بە هۆی چوونە تەمەنەوە بێت یان گوێ لەمشتی بێت ئەم کادرە نەک کەس و روداوەکان تێکەڵ دەکات و لنگەوقوچیان دەکاتەوە، بەڵکە بۆ هەندێ مەرامی تایبەت لە خەیاڵدا داتاشین دەکات ". بە کورتی ئەم قسەیە دورە لە راستیەوە و نە گوتراوە و هیچ بنەمایەکی نیە، لە داهاتوشدا نایڵێین چونکە لە خزمەتی کەرکوکدا نیە و دوریشە لە رەوشتی سیاسی ئێمە. لە لایەکی دیەوە لەم قسەیە دەردەکەوێ ئەم کادرە چەند ساوایە لە تێگەیشتن و پەیڕەوکردنی دیسپلینە سەرەتاییەکان و ئەلف و بێی حیزبی.
بۆ نێوانی پارتی و یەکێتیش ، کام تاکی کورد هەیە نەزانێ!، دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، پارتی ٢ یەکێتی ٥ کورسی بەدەست هێنا، لە جیاتی ئەوەی پێکەوە کار بکەن چون لەگەڵ نەیارەکانی کورد بەرەیان دروست کرد.
پاشان ئێمە دوای ئەوەی سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان لە پرەنسیپەکانی خۆی لایدا و وەک ئەوەی ئێمە ویستمان بۆ کەرکوک بکرێت رامان نەخویندرایەوە، هەڵوێستمان وەرگرت و کورسی سەرکردایەتیمان جێهێشت.
لە ٢٠٢٥ دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاش هەوڵی زۆرماندا لەگەڵ هەردو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن، سەردانمان کردن، لە کۆتاییدا دەرکەوت کە ئامادەیی پێکەوە کارکردنیان نیە، لەبەر ئەوەی لە هەولێر و سلێمانیەوە ئاراستە دەکرێن.
پێمانخۆشە و کاتێتی بڵێین " کاک محمد خورشیدی کەرکوکی، لەسەر شارەکەت خاوەن رای خۆت بە و هەڵوێست وەربگرە. با هەردو ئەندامەکەتان لە گەڵ فراکسیۆنی یەکێتی پێکەوە کار بکەن". ئێمەش پشتیوانی هەمو نیازپاکیەکین بۆ یەکگرتنی ئەو لایەنانەی خەمیان پرسی کەرکوکە.
دەشڵێین " ئەگەر پێمان وابوایە لە هەولێر و سلێمانی دادگا لە ژێر کاریگەری حیزبدا نیە، بێگومان سکاڵامان تۆمار دەکرد، بۆیە دەڵێین بابە کراوەیی بمێنی تا بونی دادگایەکی سەربەخۆ و ئازاد یان پاشگەزبونەوە و داوای لێبوردنکردن ".
دوا قسەش، بە کۆڕی گوڵەخانە و خاوەنە بەڕیزەکەی دەڵێین، دیوەخان ئاوەدان، بەڵام هەق نیە دەرگا بۆ ئەوانە بکاتەوە کە بە ناڕەوا و لە وێوە بوختان و تۆمەت هەڵدەبەستن بۆ کەسانی خاوەن هەڵوێست و دژی گەندەڵی و دەسەڵاتە ( خاک و سەرە) خۆرەکەی هەرێمی کوردستان هەڵوێستیان وەرگرتوە. بە رای گشتی کوردستان وکەرکوکیش دەڵێین ئەمەیە راستیەکان..
مەلا فرمان محەمەد
لەتیف فاتح فەرەج
ئەحمەد عەزیز