زانیاری نوێ سەبارەت بە شەپۆلی ئێستای بەفر وباران


کەشناسێک پێشبینی دەکات شەپۆلی ئێستای بەفر و باران زیاتر دهۆک و هەولێر بگرێتەوەو، لە سلێمانی و گەرمیان کەمتر دەبێت و زیاتر باران دەبارێت.

ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی لە نوێترین پۆستیدا کە ئێوارەی چوار شەممە بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت " وەک دوێنی پێشبینیمان کرد کاریگەری ئەم شەپۆلە ئێستا ڕاستەخۆ لە سەر بەشێکی ناوچەکانی بادینان و ھەولێر دەرکەوتوە، بەڵام ڕێژەی بەفر بارین تا ئێستا کەمە وە لە ناوچە جیا جیاکانی پارێزگای دھۆک وە بەرزایەکانی باکوری شاری ھەولێریش ناوە ناوە کەمێک بەفری ھەیە بە شێوی پروشکە بەفر".

لە درێژەی پۆستەکەیدا ئەم پسپۆرە دەڵێت" پێشبینی ئەکرێت بە درێژای ئەمشەو کاریگەری ئەم شەپۆلە لە سەر ناوچە شاخاویەکان بەم شێوەیە بەمێنێتەوە و شۆر نابێتەوە سەر ناوچە دەشتایەکان، بەڵام سەر لە بەیانی سبەی کاریگەری درێژ ئەبێتەوە بۆ سەر ناوچە جیا جیاکانی پارێزگای ھەولێر و دھۆک و مووسل و ئیدارەی ڕاپەڕین و سۆران و ئەگەری بارانی ناو بە ناو و زۆر باش ھەیە و لە ناوچە شاخاویەکان ڕێژەی بەفر بارین زیاتر ئەبێت".

لە بارەی درێژبوونەوەی ئەم شەپۆلە، ئاراز جبار دەڵێت" بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ھەڵەبجە و گەرمیان لە کاتەکانی ئێوارە و سبەی شەو بە شێوێکی لاواز ئەو سنورانەش ئەگرێتەوە و سەر لە بەیانی ڕۆژی ھەینی ڕێژەی باران بارین بۆ مامناوەند و پچڕ پچڕ ئەگۆرێت بەڵام لە سنوری ناوەڕاست تا باشوری گەرمیان و بۆ سنوری پارێزگای کەرکوک ڕێژەی باران لاواز ئەبێت".




PM:06:06:31/12/2025