بەبۆنەی هاتنی ساڵی ٢٠٢٦ ەوە، سەرۆکی هەرێم لە لایەنە سیاسیەکان و کۆمەڵگای کوردی داوای یەکتر قبوڵکردن و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دەکات.
لە پەیامێکدا کە ٣١ ی کانوونی یەکەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی بڵاویکردەوە دەڵێت " با هاتنی ساڵی نوێ بکەینە دەرفەتێک بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کە تیایدا ناکۆکییەکان بخەینە لاوە و گیانی تەبایی، لێبوردەیی و یەکڕیزی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێكهاتهكاندا باڵادەست بێت".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ساڵی نوێی زایینی (2026)، به گهرمی له كوردستانییانی خۆشهویست به ههموو پێكهاتهكانییهوه، له کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزە ئەمنییەکان و تەواوی گەلانی عێراق و جیهان پیرۆز دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی بەدیهاتنی هیواکان، کۆتاییهاتنی قەیرانەکان و کردنەوەی دەرگای خێر و خۆشی بێت بۆ هەمووان.
با هاتنی ساڵی نوێ بکەینە دەرفەتێک بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کە تیایدا ناکۆکییەکان بخەینە لاوە و گیانی تەبایی، لێبوردەیی و یەکڕیزی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێكهاتهكاندا باڵادەست بێت. هێزمان لە یەکترقبووڵکردن و پێكهوهژیان و پێکەوەکارکردندایە كه تاکە گهرهنتیی پاراستنی دەستکەوتەکانمان و مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانمانه.
لەسەر ئاستی عێراقیش هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بێت لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە دەستپێشخەر و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتن. وهك ههمیشه فاكتهری ئارامی و سهقامگیری دهبێت له ناوچهكهدا و له ههر كوێی جیهان بێت به ههموو شێوهیهك پشتگیری له ئاشتی دهكات.
كوردستانییانی خۆشەویست،
با بە ئومێد و گەشبینییەوە له داهاتوو بڕوانین. دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ساڵی 2026، ساڵی چەسپاندنی سەقامگیری و باشترکردنی ژیان و گوزهرانی هاووڵاتییان بێت. ئێمە باوەڕمان بە توانا و وزەی گەنجان و دڵسۆزیی گهلی كوردستان هەیە بۆ بنیاتنانی داهاتوویهكی گەشتر.
ساڵی نوێ لە هەمووتان پیرۆز بێت،