ئاسایشی هەولێر تۆمەتباری هەڵدانە خوارەوەی گەنجەکە دەستگیر دەکات

‌ساتی هەڵدانەخوارەوەی قوربانی لە کامێرای چاودێریەوە

بەڕیوبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە کردوە کە لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی پارێزگاکە کەسێکی هەڵداوەتە خوارەوە و گیانی لە دەستداوە.

چوار شەممە، ٣١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "لە ٢٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لە باڵەخانەکانی گوندی لوبنانی لە شاری هەولێر، هاوڵاتیەکی بە نەتەوە عەرەب بەناوی (نایف فاچل نایف ) لە لایەن دوو تۆمەتبار کە هاوڕێی خۆی بوون خرایە خوارەوە ، تاکو گەیەنرایە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا، دەست بەجێ لە لایەن تیمەکانمانەوە بە دواداچون کراو ناسنامەی تۆمەتبارەکان ئاشکرا کرا".

لە بارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکانەوە ئاسایش دەڵێت "دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی ،٢٧-١٢-٢٠٢٥، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ( بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ / ئاسایشی قەزای بەردەڕەش) تۆمەتباری سەرەکیمان دەستگیر کرد، کە تاوانەکەی ئەنجامداوە بەناوی (ح ، ب ، أ )".

ئاسایش باس لەوەش دەکات کە تا ئێستا تۆمەتبارێکی دیکەی بەشدار لە تاوانەکە دەستگیر نەکراوە   "تۆمەتبارێکی تر بە ناوی(خ ، م ، أ) کە بەشدارە لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە لە ئێستادا هەڵهاتوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان و لە لایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، ڕێکاری یاسای گیراوەتە بەر و لێکۆڵینەوە بەردەوامە".





PM:08:50:31/12/2025