پۆلیسی دارستانی هەرێم: لە ساڵی ٢٠٢٥ ڕاوکردن کەمبۆتەوە


پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم، باس لە کەمبونەوەی ڕاوکردن دەکەن لە ساڵی ٢٠٢٥ و هۆکارەکەی بۆ بەرزبونەوەی ئاستی هۆشیاری و جێبەجێکردنی یاسا دەگەڕێنەوە. 

چوار شەممە، ٣١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، فەرمان فازڵ، بەڕێوبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند " بەشێوەیەکی گشتیی ڕاوکردن لە ساڵی ٢٠٢٥، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤، زۆر کەمیکردووە، ئەمەش بەهۆی هۆشیاری هاووڵاتییان و توندکردنی سزا لەسەر ڕاوچییەکان، لە پێناو هێشتنەوەی سرووشت و ژینگەیەکی جوان".

فەرمان فازڵ لە بارەی ڕاوکردن لە وەرزی زستاندا وتویەتی "تیمەکانی پۆلیس دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لەو شوێنانە هەن کە گومان دەکرێت ڕاوی لێ بکرێت، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما و بارینی بەفر، ڕاوچییەکان کەو و ئاژەڵی کێوی ڕاو دەکەن".

سەبارەت بەو شوێنانەی هەرێمی کوردستان کە ڕاوی زۆر تێدا دەکرێت، ئەو بەڕێوبەرە دەڵێت "زیاتر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و سۆران هەیە، بەڵام خۆشبەختانە وەک ساڵانی پێشتر نییە".

ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر لە ٥٠٠ ڕاوچی سزادراون و دەستگیرکراون، وە هەر کەسێک بە هۆی ڕاوەوە دەستگیر بکرێت بڕی ١٠ ملیۆن تا ٢٥ ملیۆن دیناری عێراقی بە پێبژاردن سزا دەدرێت. 




PM:11:10:31/12/2025