بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر رێگای زیاتر لە ٦٠ گوندی سنۆری قەزای ئامێدی داخراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری (سپی) بەهۆی بەفربارینەوە رێگای دەروازەری نێودەولەتی سەرزێرێ لە نێوان باکوورو باشووری کوردستان لە ناحیەی کانی ماسێ داخراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە بەهۆی ئەو بەفربارینەی کە لە سنۆری پارێزگای دهۆك لە ئێوارەی دوێنێوە دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، رێگای سەرەکی لە شەوی رابردوو تا نیوەرووی ئەمڕۆ لە ئامێدییەوە بۆ دهۆك هاتووچۆی تێدا نەماوە و رێگای زیاتر لە ٦٠ گوندی سنۆری قەزای ئامێدی داخراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو ناوچانەی نزیکن لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر بارینی دەبێت ( ناوچە سنوریەکان - مێرگەسوور- ئامێدی- سنووری ئیدارەی سۆران- بەشێک لە ئیدارەی ڕاپەرین و چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر) هەروەها پێشبینی بارینی بەفر و کرێوە دەکرێت لە سەنتەری پارێزگای دهۆک و دەورو بەری و ئیدارەی زاخۆ .
لە کاتەکانی شەودا ڕێژەی بارینی بەفر و باران و کرێوە زیاتر دەبێت. هەروەها، پلەکانی گەرما بە ١ - ٣ پلە بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوی دوێنێ.