شارەزایەکی کەشناسی باس لە بەردەوامی شەپۆلی بەفربارین لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "کاریگەری شەپۆلی بەفر و بارانبارین لەسنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر بەتایبەت ناوچە شاخاویەکان بۆ ئەم شەویش بەچڕی بەردەوامی ئەبێت".
پێنج شەممە، ١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، ڕایگەیاند "کاریگەری شەپۆلی بەفر و باران بارین تا سبەت دوای نیوەڕۆ لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەردەوام دەبێت، بەڵام لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم، سنوری ئیدارەی ڕاپەرین و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان بەگشتی لە ئەمشەوە ئەو شەپۆلە دەستپێدەکات و تا سبەی ئێوارەی هەینی ٢/١/٢٠٢٦ بە مامناوەندی بەردەوامی ئەبێت و لە شەودا لاواز ئەبێت و کۆتای پێدێت".
لە بارەی بەفر بارینەوە ئەو کەشناسە وتویەتی "لەناوچە شاخاویە سنوریەکانی دەڤەری پشدەر و سلێمانی و هەڵەبجە پێشبینی بارینی ٤٠ بۆ ٦٠ سم بەفری نوێ دەکرێت، لە سەنتەری شارەکانیش بارانێکی باش و رێژە مامناوەند ئەبارێتەوە و پلەکانی گەرماش بە جێگیری ئەمێنێتەوە، لەکاتی باران و بەفر بای باشوری رۆژهەڵات چالاک ئەبێت بەخێرای١٥-٢٥کم لە کاتژمێرێکدا".
ئاراس جەبار هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە لە ڕۆژی شەمەوە کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و لە سەنتەری شارەکاندا تەنها شەوان پلەی گەرمی نزیکی سفر دەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانیش ١٠ تا ١٦ پلە بۆ ژێر سفر دادەبەزێت.
بە پێی پێشیینییەکانی ئەو کەشناسە لە ٣ تا ١٠ ئەم مانگە کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت.