"ئەو تۆمەتبارانە دەستگیرکران کە ژنێکیان لە کەرکوک سەربڕیبوو"


پۆلیسی کەرکوک بڵاویکردەوە دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردوە کە دوو ڕۆژ پێش ئێستا ژنێکیان سەربڕیوە و دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و بە قسەی پۆلیس "کوژراو و بکوژ دراوسێ بوون".

عەقید عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، ١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "تیمەکانی بەشی نەهێشتنی تاوانی کەرکووک دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد، کە ژنێکیان لە شوقەکانی گەڕەکی حوسێن کوشتبوو، بکوژەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ماتۆرسکیل ڕۆیشتوون بۆ ماڵی قوربانییەکە و خۆی تاوانەکەی ئەنجامداوە و ژنەکەی سەربڕیوە".

وتەبێژی پۆلیس ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە "پێشتریش تاوانبارەکە هەوڵی کوشتنی ژنەکەی دابوو، تێزابی کردبوو بەسەر قوربانییەکەدا".
 
پۆلیسی کەرکوک ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو ژنەی کوژراوە ناوی ئیمان عەبدولکەریمە و خەڵکی موسڵ بووە و دایکی پێنج منداڵە. 




PM:10:50:01/01/2026