لە قەزای کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان دوو خوشک بە هۆی لێچوونی گازەوە لە کاتی خەودا، تووشی ئاستەنگی هەناسە بوون و یەکێکیان گیانی لە دەستدا و یەکێکی دیکەشیان لە ژێر چاودێریدایە.
هەینی، ٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ڕەفیق قادر، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، ڕایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دوو ئافرەت گەیێندرانە نەخۆشخانەکەمان کە بەهۆی گازەوە تووشی تەنگەنەفەسییەکی تووند ببوون، بەداخەوە یەکێکیان پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو، ئەوی دیکەشیان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، بەهۆی خراپیی تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کرا".
بە پێی زانیارییەکان ئەو دوو هاوڵاتییە خوشکی یەکترن و لە کاتی خەودا بە هۆی لێچوونی گازەوە ژەهراوی بوون، ئەو خوشکەیان کە گیانی لە دەستداوە تەمەنی ٦٠ ساڵە و ئەوی دیکەیان ٥٥ ساڵە، هەردووکیان دانیشتووی گەڕەکی گازینۆی کەلارن.