لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی، ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە دیاریکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن و هۆشداری دەداتە میدیاکانی پارتی.
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی، پێنج شەممە،١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی ڕایگەیاند "هێشتا یەکێتی کاندیدەکەی خۆی دەست نیشان نەکردووە، کەچی کەم رۆژ هەیە میدیای پارتی ناوی سەرکردەیەکی یەکێتی نەهێنێت گوایە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە کاندیدکراوە و هەر خۆشیان کۆمەڵێک مەرج باس دەکەن".
ئەو بەرپرسیەی یەکێتی هۆشداری دەداتە میدیاکانی پارتی و دەڵێت "پێویستە میدیای پارتی لەمە زیاتر پەیامی نابەرپرسیارانە لەسەر سەرکردەکانی یەکێتی بڵاو نەکاتەوە و هەر ڕۆژە و ناوی کەسێک نەهێنێت، گوایە کاندیدی یەکێتییە و بۆ ڕۆژی دواتر ناوی کەسێکی دیکە بێنێن، بەردەوامبوون لەسەر ئەم کارە نابەرپرسیارانەیە دەبێتە هاندەر و پاڵنەر کە میدیای یەکێتیش وەکو کاردانەوە هاوشێوەی ئەوان هەنگاوبنێت".
لە ماوەی ڕابردوودا باس لە بافڵ تاڵەبانی، نزار ئامێدی، خالید شوانی، کراوە وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.