شیروان شێروانی دۆخی خراپی خۆی‌و زیندانیەکان ئاشکرا دەکات


شێروان شێروانی رۆژنامەنووس لە زیندانەوە پەردە لەسەر دۆخی خراپی خۆی و هاوڕێکانی لە زینداندا بەم زستانە ئاشکرا دەکات.

شێروان شێروانی دەڵێت "هەر ژوورێکی ١٠کەسی لە ٢٥ هەتاکو ٣٠ کەسی سزادراو قەرەپەستکراوین، لەسەر مۆکێتێکی ڕەق لەم ساردی زستان و بەفرەدا".

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت " هەریەکەمان ٢ بەتانی بێ سپلێت و هەوای گەرم و بێ ئاوی گەرم، بێجگە لەچەند سەعاتێک لەهەفتەیەکدا گەرم دەبێت، بەڵام جاری واش هەیە سڕەت بەرناکەوێ و سارد دەبێتەوە".

شێروان شێروانی زانیاری زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت " ناشهێڵن سۆبا یان هیتەر بۆخۆمان بکڕین ڕێگەش نادەن لەدەرەوە بەتانیمان بۆبێت جلی زستانەش لەچلەی هاویندا پێمان دەگەن و، ئەمە مشتێکە لەخەرواری گرفتەکانی زیندانەکانی هەولێر".

شێڕوان شێروانی رۆژنامەنووس لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، لە ماڵەکەی خۆی لە هەولێر دەستگیرکرا.

لە شوباتی ٢٠٢١، لەگەڵ چوار چالاکوان و رۆژنامەنووسی تری بادینان (گۆهدار زێباری، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا) دادگایی کران.

ناوبراو بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و سیخوڕی" سزای ٦ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.

 ئەم بڕیارە ناڕەزایەتییەکی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی (لەوانە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ) لێکەوتەوە.

لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا شێروان شێروانی بەهۆی داشکاندنی ماوەی حوکمەکەی (ئیفراجی شەرتی) ئازاد بکرێت، لە تەمموزی ٢٠٢٣دا سزایەکی نوێی ٤ ساڵ زیندانیی تری بەسەردا سەپێنرا.

تۆمەتە نوێیەکە بریتی بوو لە "ساختەکاری لە واژۆی هاوڕێکانی" لەناو زیندان لەسەر داواکارییەک، بەڵام هاوڕێکانی خۆیان لەناو دادگا رایانگەیاند کە ئەوان ڕەزامەند بوون و هیچ ساختەکارییەک نەکراوە، بەڵام دادگا بڕیارەکەی دا.

تاوەکو ئێستا شێروان شێروانی لە زیندانەو ئەوە نوێترین نامەی ئەو زیندانیە بوو.

کەیسەکەی شێروان وەک سیمبولی "پاشەکشەی ئازادیی ڕادەربڕین" لە هەرێمی کوردستان سەیر دەکرێت.رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام داوای ئازادکردنی دەکەن و دەڵێن دادگاییکردنەکەی سیاسییە نەک یاسایی.




PM:03:52:02/01/2026