ڕۆژی یەكشەممە پشوەكانی كۆتایی ساڵ لە هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت و بەهۆی نالەباری کەشوهەوا، زانكۆی كۆیە بڕیاریدا بە دواخستنی تاقیکردنەوەکان و زانكۆی سۆرانیش بڕیاریدا كە خوێندنی خوێندكارانی قۆناغی یەکەم بۆ ئەم هەفتەی بكرێتە ئۆنلاین.
زانكۆی سۆران، هەینی ٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە'' بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، ئەنجومەنی زانکۆ بڕیاریدا کە خوێندنی خوێندكارانی قۆناغی یەکەمی بەشە زانستییەکانی سەرجەم بەشەکانیزانکۆی سۆران، بۆ ئەم هەفتەیە لە ٣ی ئەم مانگەوە تاکو ٨ی مانگ بکرێتە ئۆنلاین.
لەلایەكی دیكەوە زانكۆی كۆیە ڕایگەیاند'' بە هۆی نالەباری کەشوهەوا و بۆ ئەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ نەبێتە هۆکاری بێبەشبوونی هیچ خوێندکارێک لە تاقیکردنەوەکانی کۆتای سمیستەری یەکەم ئەنجومەنی زانکۆ بریاریدا بە دواخستنی تاقیکردنەوەکان لە رۆژی یەکشەممە ٤ی ئەم مانگە بۆ ڕۆژی سێشەممە ٦ی مانگ.''