وتەبێژی شاندی دانوستانکاری ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند'' لە چەند رۆژی داهاتوودا هەنگاوە پراکتیکییەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار لەگەڵ حکومەتی دیمەشق دەستپێدەکات.''
یاسر سلێمان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا جەختی لە چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە، کە گرنگترینیان پابەندبوون بە سەروەری دەوڵەتی سوریا و کاراکردنەوەی دامەزراوە سەروەرییەکان لە تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەردا.
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و سامانە سروشتییەکان، وتەبێژەکەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند'' سامانە سروشتییەکان دەبێت بۆ هەموو گەلی سوریا بێت و لە ڕێگەی دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە بەڕێوەببرێن.''
سەبارەت بە تورکیاش، ئاماژەی بەوە کرد کە ناکۆکی قووڵ لەگەڵ ئەنقەرە هەیە، بەڵام دەیانەوێت ئەو کێشانە لە ڕێگەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریاوە چارەسەر بکەن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سلێمان ئاشکرای کرد کە لایەنی ئەمریكی ئامادەیە سەرپەرشتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكات، ئەوەش لەسەر داوای ئەحمەد شەرع.